بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا تووشی کارەساتت ئەکات         □ شۆفێری بەڕێز: بەستنی پشتێنی دڵنیایی ژیانت ئەپارێزێت         □ شۆفێری بەڕێز: خێرایی زۆر بەرەو مەرگت ئەبات، تکایە لەسەرخۆبە        
نابێت لەکاتی گەرمادا ئەم شتانە لە ئوتومبیلەکەتدا بە جێ بهێڵیت
Wednesday, June 6, 2018
لەکاتی گەرمای هاویندا یەکەم شت کە شۆفێرەکان ئەیکەن لە سەرکەوتنی ئوتومبیلەکانیاندا کردنەوەی ساردکەرەوەیە (تبرید)، بەڵام دوای ئەوەی بۆ ماوەی ڕۆژێک ئوتومبیلەکەمان لە بەردەم خۆردا ڕاگرتبوو ڕەنگە بووبێتە هۆی زیان گەیاندن بەسەرجەم ئەو شتانەی کە لەناو ئوتومبیلەکەدا دامان ناوە.
هەندێک لەو شتانەی لە ناو ئوتومبیلدا بە جێ ئەهێڵرێت زۆر ئاشکرایە بۆ شۆفێرەکان و ڕەنگە کەمتر ئەو کارە بکەن وەک بەجێهێشتنی منداڵ و ئاژەلە ماڵییەکان چوونکە دەزانن ڕەنگە ئەم کارە بە کارەساتێکی نەخوازراو کۆتایی بێت، ئێمە لە خوارەوە کۆمەڵێک شتی ترتان بۆ باس ئەکەین کە ئەکرێت لەناوبچێت لەناو ئوتومبیلەکانماندا بەهۆی گەرماوە.

لەماوەی چەنێکا ناو ئوتومبیل ئەگاتە پلەیەکی گەرمی بەرز؟

پێویست ناکات کە پلەیەکی گەرمی بەرزی سروشتیمان هەبێت بۆ گەرم بوونی ناو ئوتومبیلەکان، لەکاتێکدا کە هێزی تیشکی خۆر دەچێتە ناو ئوتومبیلەکەوە و دەست دەکات بە گەرم کردنی بەشەکانی ناو ئوتومبیلەکە وەک داشبۆرد و کوشنەکان، کە وایان لێدەکات پلەی گەرمیان بەرز ببێتەوە و ئەو گەرمیەش کە دەری دەدەنەوە بەهۆی داخستنی جامی ئوتومبیلەکانەوە ناتوانێت بچێتە دەرەوە.
ئەگەر لە دەرەوەی ئوتومبیلەکە پلەی گەرمی تەنها ١٦ پلەی سەدی بێت ناو ئوتومبیلەکە پلەی گەرمی دەگاتە ٣٨ پلەی سەدی، ئەمە لەکاتێکدایە کە شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر پلەی گەرمی دەرەوەی ئوتومبیل ٣٠ پلەی سەدی بێت ئەوا پلەی گەرمی ناو ئوتومبیل زۆر بە خێرایی دەگاتە ٦٠ پلەی سەدی، زانکۆی ستاندفۆرد بەشی دەرمانسازی توێژینەوەیەکیان لەم بارەیەوە ئەنجامداو بۆیان دەرکەوت کە پلەی گەرمی لەماوەی ٣٠ خولەکدا بەتەواوەتی بەرز دەبێتەوە لەکاتی پارک کردنی ئوتومبیلەکان.

١. منداڵ

بەجێهێشتی منداڵ لەگەرمادا لەناو ئوتومبیلدا کارێکی زۆر هەڵەیە و ڕەنگە بە مردنی منداڵەکەت کۆتایی بێت، هەرچەندە ئەم حاڵەتانە کەمتر ڕوو ئەدەن بەڵام زۆر گرنگە باس بکرێت چونکە چەند حاڵەتێکی لەم شێوەیە ڕوویانداوەلە جیهاندا ئێمە تەنها یەک نموونە باس ئەکەین بۆ کورتکردنەوەی بابەتەکە، باوکێک بەناوی ماک کینۆن لە فلۆریدا کە ئوتومبیلێکی جۆری فۆرد ئێکسپلورەری پێبووە دوای ئەوەی کە ئیجازەی وەرگرتووە لەکارەکەی بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببات بۆلای دکتۆر بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە بۆ کارەکەی و بیری چووە کە پایتۆنی کچی لەناو کورسییە تایبەتەکەی ناو ئوتومبیلەکەی خەوتووە لە دوای سێ کاتژمێر بیری دەکەوێتەوە و ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی کچە ١٧ مانگەکەی.
ئەگەر ئێوە حاڵەتێکی لەم شێوەیەتان بینی بۆ ڕزگار کردنی گیانی منداڵان ئەتوانن جامێکی ئوتومبیلەکە لە سووچێکیەوە بشکێنن بەشێوەیەکی کە زیان بە منداڵەکە ناگات بۆ ڕزگارکردنی ژیانی یان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن وەک پۆلیسی هاتووچۆ بە ژمارە ١٨٨ یان پۆلیسی فریاکەوتن ژمارە ١٠٤.

2. ئاژەڵی ماڵی

وەک دەزانن لەم دواییەدا بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی لە هەرێمی کوردستان ڕووی لەزیادی کردووەو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاژەڵی ماڵییان هەیە بە دەرەجەی یەکەمیش سەگ، لە ئێستادا زۆربەی خەڵکی ئەوە دەزانن کە ئەگەر سەگ لەناو ئوتومبیل بەجێبهێڵدرێت لە کەشی گەرمدا ئەوا کۆتایی بە ژیانی سەگەکە دێت، چونکە تەنها لەماوەی ٢٠ خولەکدا پلەی گەرمی لەشی سەگ لە ئوتومبیلێکی گەرمدا دەگاتە ٤١ پلەی سەدی کە ئەمەش هۆکارە بۆ مردنی سەگەکە.
توێژەرەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر پلەی گەرمی دەرەوە تەنها ٢٢ پلەی سەدی بێت ئەوا پلەی گەرمی ناو ئوتومبیل دەگاتە ٤٧ پلەی سەدی ئەمەش تەنها لەماوەی یەک کاتژمێردا، ڕێکخراوەکانی سەلامەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنانەت ئەگەر جامی ئوتومبیلەکان کراوە بێت یان لەبەر سێبەریش پارک کرابێت هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەرژیانی سەگەکان و دەبێتە هۆی لەناوچوونیان.
ئەگەر حاڵەتێکی لەم شێوەیەتان بینی ڕاستەوخۆ هەڵوێست وەربگرن بە شکاندنی جامی ئوتومبیلەکە لە سووچێکەوە یان پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن وەک پۆلیسی هاتووچۆ بە ژمارە ١٨٨ یان پۆلیسی فریاکەوتن ژمارە ١٠٤.

3. بتڵی ئاو

بەجێهێشتنی بتڵی ئاو لە ناو ئوتومبیلدا لەکاتی بوونی هەتاو و گەرمیدا دەبێتە هۆی لەناو بردنی پێکهاتە بەسوودەکانی ئاو و دواتر شیاوی خواردنەوەی نامێنێت، هەروەها مەترسییەکی زۆر گەورەی هەیە کە ڕەنگە ببێتە هۆی گڕگرتنی ئوتومبیلەکەت ئەمەش دوای ئەوەی خۆرەکە لە بتڵی ئاوەکە دەدات بە تێپەڕبوونی تیشکەکە هەمان کاری زەڕەبین دەکات، تەماشای ئەم ڤیدیۆیە بکەن بزانن چۆن ئەم حاڵەتە ڕوو ئەدات.

4. مۆبایل یان هەر ئامێرێکی تر کە پاتری هەبێت

ئەگەر مۆبایلەکەت یان هەر جیهازێکی تر لە ناو ئوتومبیلەکەت و لەبەردەم خۆر ڕاگرت ئەوا دڵنیابە کە ناتوانیت بەکاری بهێنیتەوە وەک جاران و دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ئامێرەکە، وە ڕەنگە لە حاڵەتی تردا بەهۆی زۆر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەکەی حاڵەتی نەخوازراو و گڕگرتن دروست ببێت، لەبەر ئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە لەم کارە بەدووربیت.

5. معطر

بۆنخۆشکەرەکان سەرەڕای ئەوەی سوودیان هەیە کە بۆنی ناو ئوتومبیلەکەت خۆش دەکەن یان خۆت بەکاری بهێنیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکانی زۆر زیاترن ئەگەر لە ئوتومبیلدا بەجێ بهێڵدرێن لە کەشێکی گەرمدا چوونکە دوای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ناو ئوتومبیل بۆ ٤٨ پلەی سەدی زەختی ناو بوتڵەکە زیاد دەکات و دەتەقێتەوە کەئەمەش زیانی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

6. حەب و دەرمان


هەندێک لە دەرمانەکان وەک و ئەنتی بایۆتیکەکان پێویستە لە فرێزەردا هەلبگیرێن هەروەها زۆربەی دەرمانەکانی تر وەک نۆرفین و کالپۆل کە بۆ چارەسەری منداڵان بەکار دەهێنرێن نابێت پلەی گەرمیان بگاتە ٢٥ ئەمە بە قسەی ئەو کەسانەی کە دەرمانەکە دروست دەکەن، لەبەر ئەوە هیچ کاتێک دەرمان لەناو ئوتومبیلدا بەجێ مەهێڵە بۆئەوەی لەباتی سوود زیانت پێ نەگەیەنێت.

7. چەرخ

شتێکی تر لەوانەی کەلەناو ئوتومبیلدا دەتەقێتەوە چەرخە لەکاتی گەرمادا، لەبەرئەوە هەرگیز چەرخ لەناو ئوتومبیلەکەتدا بەجێ مەهێڵە.

* هەندێ شتی هەیە کە لەژیانی ڕۆژانەدا بەکاری دەهێنین، باشتر وایە لەکاتی گەرمادا لەناو ئوتومبیلەکەمادا بەجێی نەهێڵین وەک (کرێمی دژە خۆر، ماددە کحولییەکان، عەینەک و سوراو و نەستەلە و زۆر شتی تریش) کە ئەمانە هەموویان مەترسییان لەسەرە ئەگەر لەناو ئوتومبیلەکان بەجێ بهێڵدرێن لەکاتی گەرمادا.

چەند ڕێنماییەکی تر هەیە کە بۆ سەلامەتی بەڕێزتان ئەتوانن جێبەجێی بکەن.

* پێویستە هەموو ئوتومبیلێک ئاگر کوژێنەوەی تیادا بێت.
* پێویستە ڕێژەی بانزینی ناو تانکی بەنزینەکەت لە چارەک کەمتر نەبێت.
* لە هەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە پەیوەندی بکەن بە ژمارە ١١٥ پۆلیسی بەرگری شارستانی.

بۆبەرچاو ڕوونی بەڕێزتان ئەم ژمارە تەلەفوونانەتان لەبیربێت:
١٨٨ پۆلیسی هاتووچۆ
١٠٤ پۆلیسی فریاکەوتن
١٠٥ بەشی نەهێشتنی تاوان
١٢٢ ئامبوڵانسی تیمەکانی تەندروستی
١١٥ پۆلیسی بەرگری شارستانی "حریق"
١٠٦ ئاسایش
١٩٩ بەشی توندوتیژی ئافرەتان
١٠٠ JCC سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش

ئامادەکردنی: هێمن سالار


ژماره‌ی بینین‌ : 7361