لەکاتی شۆفێریدا، هاوکاری ئامبوڵانس بکە و ڕێگەکەی بۆ چۆڵ بکە.         □ بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا تووشی کارەساتت ئەکات         □ شۆفێری بەڕێز: بەستنی پشتێنی دڵنیایی ژیانت ئەپارێزێت         □ شۆفێری بەڕێز: خێرایی زۆر بەرەو مەرگت ئەبات، تکایە لەسەرخۆبە        
ئاماری ئه‌و كه‌یسانه‌ی تایبه‌تن به‌هاتوچۆ له‌دادگای سلێمانی
Sunday, July 18, 2021
لێكۆڵه‌رێكی داد له‌دادگای سلێمانی ئاشكرایده‌كات له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا زیاتر له‌500 كه‌یس هه‌بووه‌ كه‌ ئۆتۆمبێلیان به‌بێ‌ مۆڵه‌ت لێخوڕیووه‌، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو زۆرترین كه‌یسی دادگا تایبه‌ته‌ به‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ به‌هۆی سه‌ركێشكردن‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه‌ زیانی گیانی‌و ماددی ده‌گه‌یه‌نن.
له‌میانی به‌رنامه‌ی خه‌ڵك و هاتوچۆی ترافیك ئێف ئێمدا كه‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو  پێشكه‌شكرا، (یادگار جه‌لال) لێكۆڵه‌ری داد ڕایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی 6 مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا (506) كه‌یسی لێخورینی ئۆتۆمبێل به‌ بێ‌ مۆڵه‌ت له‌دادگاكاندا هه‌بووه‌‌و زۆرترین كه‌یسیشیان هی مانگی حوزه‌یران بووه‌ كه‌ (136) كه‌یس بووه‌‌و  به‌گوێره‌ی مادده‌ی 21 له‌یاسای ژماری 86ی هاتوچۆی ساڵی 2004ی هه‌رێمی كوردستان عێراق، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌(لێخورینی ئۆتۆمبێل به‌بێ‌ مۆڵه‌ت) مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌، وتیشی"زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌خوار ته‌مه‌نی ڕێگه‌ پێدراوه‌یه‌‌و ته‌مه‌نیان نه‌گه‌شتۆته‌ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌ت ده‌ربێنن".
سه‌باره‌ت به‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری مادده‌ی سه‌رخۆشكه‌ر یان بێ‌ هۆشكه‌ر شۆفێریده‌كه‌ن، ئه‌و لێكۆڵه‌ری داد وتی" له‌ 6 مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 54 كه‌یس هه‌بووه‌‌و زۆرترین كه‌یسیان له‌مانگی شوباتدا بووه‌ كه‌ (15) كه‌یسه‌".
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی كه‌ خراوه‌ته‌ڕوو له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا زۆرترین كه‌یس تایبه‌ت بووه‌ به‌لێخوڕین به‌كه‌مترخه‌می و سه‌ركێشی كه‌ مادده‌ی 23یه‌  له‌یاسای هاتوچۆی ژماره‌ 86ی ساڵی 2004ی هه‌رێمی كوردستان - عێراق، (یادگار جه‌لال) لێكۆڵه‌ری داد ئاشكرایكرد، له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 516 كه‌یس هه‌بووه‌‌و زۆرترین كه‌یس له‌مانگی نیساندا بووه‌ كه‌ 106 كه‌یسه‌.
وتیشی" هه‌ر له‌شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا  81 كه‌یس له‌دادگای سلێمانی هه‌بوه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ی 24ی یاسای هاتوچۆ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌وه‌ی كه‌سێك بمرێت له‌ئه‌نجامی سه‌ركێشیكردن له‌لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵكراوه‌‌و زۆرترینیان كه‌یسش له‌مانگی نیساندا بووه‌ كه‌ 19 كه‌یسه‌".
مادده‌ی 25 له‌یاسای هاتوچۆی ژماره‌ 86ی ساڵی 2004ی هه‌رێمی كوردستان – عێراق، تایبه‌ته‌ به‌ناوچه‌كانی په‌ڕینه‌وه‌ی پیاده‌، یادگار جه‌لال ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌گه‌ر شۆفێر له‌سه‌ر هێڵی په‌ڕینه‌وه‌ له‌پیاده‌یه‌كی دا سزاكه‌ی قورستره‌ له‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌شوێنێك له‌پیاده‌یه‌ك ده‌دات كه‌ له‌شوێنی په‌ڕینه‌وه‌ ناپه‌ڕێته‌وه‌، وتیشی" هیچ یاسایه‌ك نییه‌ سزای پیاده‌ڕه‌و بدات ئه‌گه‌ر هاتوو له‌شوێنی تایبه‌ت به‌خۆی نه‌په‌ڕییه‌وه‌".
لێكۆڵه‌ره‌كه‌ی دادگای سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ده‌بێت هاوڵاتیان ئاستی هۆشیاریان به‌رزبێت‌و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكه‌ن‌و پێویسته‌ خۆیان له‌و شوێنانه‌ ببپه‌ڕنه‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌شوێنی په‌ڕینه‌وه‌ تابه‌دور بن له‌ڕوداوی نه‌خوازراو. 
ئاماده‌كردنی: سارا ئه‌بوبه‌كر

ژماره‌ی بینین‌ : 49