بڕیار و ڕێنماییەکانی جام ڕەشکردنی ئوتومبیل
2020-02-27     10227
هاتووچۆ: مەریوان ئیسماعیل
بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم، لەمەودوا هاوڵاتییان دەتوانن جامی ئۆتۆمبێلەكانیان ڕەش بكەنو بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆی پارێزگاكان وەربگرن.
مەبەست لە دەركردنی ئەم بڕیارە ڕێكخستنی مۆڵەتی جام ڕەش كردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە كە خاوەنەكانیان كەسانی ئاسایی یان كەسانی تایبەتن بەرامبەر پێدانی ڕسوماتێكی كارگێڕی دیاریكراو، هاوكات لە بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمدا چەند مەرجێك بۆ پێدانی مۆڵەتی جام ڕەش كردنی ئۆتۆمبێل دانراوە كە بریتین لە:
1- پێشكەشكردنی داواكاری لەو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆیەی كە ئۆتۆمبێلەكەی لێ تۆماركراوە.
2- پێویستە ئۆتۆمبێلی تۆماركراو هەڵگری تابلۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بێت.
3- مۆڵەتی جام ڕەش كردن بۆ ماوەی (1) ساڵ دەبێتو ساڵانە نوێ دەكرێتەوە.
مەرجە هونەرییەكانی جام ڕەش كردن:
1- جامی ڕەشی ئۆتۆمبێل نابێت لە ڕێژەی (%80) تێپەڕ بكات، جگە لەوانەی كە لە بنەڕەتدا لە كۆمپانیای دروستكردنەوە ڕەشن.
2- جام ڕەش كردنی ئۆتۆمبێل جگە لە جامی پێشەوە دوو جۆر دەبێت، (ا) دوو جامی دواوەی شۆفێرو جامی پشتەوەو جامەكانی كورسی سێیەم ئەگەر ئۆتۆمبێلەكە ستێشن بێت، (ب) جام ڕەش كردنی تەواوی جامەكانی ئۆتۆمبێل.
3- بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆی پارێزگاكان نوسراو دەكەن بۆ شوێنی تایبەت بە جام ڕەش كردن، بەبێ نوسراو هیچ شوێنێك بۆی نیە جامی ئۆتۆمبێل ڕەش بكات.
4- لە ئامێری سزای ئەلەكترۆنی ئۆتۆمبێل بڕگەی جامی ڕەش زیاد دەكرێت بۆ زانینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە مۆڵەتی جامی ڕەش یان پەردەیان هەیە.
5- دوو سیكتەری تایبەت دروست دەكرێت بۆ هەردوو ڕێژەی (%50)و (%80)و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆوە لە گشت جامە ڕەشەكان دەدرێت.
6- جامی تەنیشتی شۆفێر نابێت لە ڕێژەی (%50) زیاتر ڕەش بكرێت.
7- جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل نابێت ڕەش بێت یان ڕەش بكرێت.
8- ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بنەڕەتدا لە كۆمپانیای دروستكەرەوە پەردەیان بۆ دانراوە مادەی چواریان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.
ڕسوماتی كارگێڕی بۆ پێدانی مۆڵەتی جام ڕشو سزا داراییەكان
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم لە بڕیارەكەی پێدانی مۆڵەتی جام ڕەش كردنی ئۆتۆمبێلدا، ڕسوماتی كارگێریو سزای داراییان بۆ جام ڕەش كردنی ئۆتۆمبێل داناوە كە بریتین لە:
1- بڕی (400،000) هەزار دینار سڵانە وەردەگیرێت بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بە پێی بڕگەی (2/ا) جامەكان بەڕێژەی (%50) ڕەش دەكەن.
2- بڕی (600،000) شەش سەد هەزار دینار ساڵانە وەردەگیرێت بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بەپێی بڕگەی (2/ب) جامەكانی بەڕێژەی (%50) جامەكانی ڕەش دەكەن.
3- بڕی (800،000) هەشت سەد هەزار دینار ساڵانە وەردەگیرێت بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بەپێی بڕگەی (2/ا) جامەكانی بەڕێژەی (%80) ڕەش دەكەن.
4- ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە كۆمپانیای دروستكەر ڕێژەی تاریكی جام تا (%30) بێت ئەوا لێپرسینەوەو هیچ ڕسوماتێكیان لێوەرناگیرێت، بەمەرجێك بەلەزگە جامەكانی ڕەش نەكرابێتو لەبنەمای كۆمپانیای دروستكەر ڕەش كرابێت.
5- ئەگەر ڕێژەی تاریكی جام لە بنەمای كۆمپانیای دروستكەر یان بە لەزگە لە ڕێژەی (%30) زیاترو لە (%50) كەمتربێت ئەوا پێویستە ڕسوماتی ڕێژەی (%50) بدات.
6- ئەگەر ڕێژەی تاریكی جام لە بنەمای كۆمپانیای دروستكەر یان بە لەزگە (%50) زیاترو لە (%80) كەمتربێت، ئەوا ڕوسماتی (%80)ی لێوەردەگیرێت.
7- ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە كۆمپانیاوە جامی پشتەوەو تەنیشتی سەر سندوق ڕەشن بەدەرە لەم ڕێنماییانە.
8- بڕی (25،000) بیستو پێنج هەزار دینار ڕۆژانە وەك سزای دواكەوتن لە خاوەنی ئۆتۆمبێل وەردەگیرێت ئەگەر مۆڵەتی جام ڕەش كردنەكەی نوێ نوكاتەوە.
9- بڕی (25،000) بیستو پێنج هەزار دینار وەك ڕسوماتی كارگێڕی وەردەگیرێت لە كاتی پێشكەش كردنی داواكاری بۆ پێدانی مۆڵەتی جام ڕەش یان نوێ كردنەوەی مۆڵەت.
10- بڕی (1،000،000) یەك ملیۆن دینار وەك سزا وەردەگیرێت لەو ئۆتۆمبێلانەی كە بەبێ مۆڵەت یان بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانە جامی ئۆتۆمبێلەكەی ڕەش كردبێت، سەرەڕای دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكەی بۆ ماوەی (7) ڕۆژو لابردنی جام ڕەشەكان یان سەرپێچییەكان.
هاوكات لەبڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆدا بۆ پێدانی مۆڵەتی جام ڕەش كردنی ئۆتۆمبێل، چەند ڕێنماییەكی دیاریكردوە كە پێویستە كاریان پێبكرێت لەكاتی ڕودانی هەر سەرپێچییەك لەلایەن شۆفێرانەوە، لەوانە پێویستە لەسەر گشت مەفرەزەكانی (پۆلیس، هاتووچۆو ئاسایش)و مەفرەزە هاوبەشەكان دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە بگرن كە بەپێی ئەم ڕێنماییە مۆڵەتیان وەرنەگرتووەو و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی تایبەتمەند بكرێت بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی پێویست لە بەرامبەر خاوەن ئۆتۆمبێلەكە.
ئەو بڕیارە چەند جۆر ئۆتۆمبێلێك ناگرێتەوە لەوانە، ئۆتۆمبێلەكانی پرۆتۆكۆڵی حكومەت، ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵا ئۆتۆمبێلەكانی كونسوڵگەرییەكان، هەروەها جامی ڕەش تەنها ئۆتۆمبێلەكانی هەڵگری تابلۆی شارستانی دەگرێتەوە.
لە ئێستاشدا هاوڵاتییان بۆ جام ڕەشكردنی ئۆتۆمبێلەكانیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بگەنو فۆرمی تایبەت بەجام ڕەش كردنی ئۆتۆمبێلەكانیان وەربگرن.