نابێت لەکاتی گەرمادا ئەم شتانە لە ئوتومبیلەکەتدا بە جێ بهێڵیت

2018-06-06     21910

لەکاتی گەرمای هاویندا یەکەم شت کە شۆفێرەکان ئەیکەن لە سەرکەوتنی ئوتومبیلەکانیاندا کردنەوەی ساردکەرەوەیە (تبرید)، بەڵام دوای ئەوەی بۆ ماوەی ڕۆژێک ئوتومبیلەکەمان لە بەردەم خۆردا ڕاگرت ئەگەری هەیە بووبێتە هۆی زیان گەیاندن بەسەرجەم ئەو کەل و پەلانەی کە لەناو ئوتومبیلەکەدا دامان ناون.
هەندێک لەو شتانەی لە ناو ئوتومبیلدا بە جێ دەهێڵدرێت زۆر ئاشکرایە بۆ شۆفێرەکان و ڕەنگە کەمتر ئەو کارە بکەن وەک بەجێهێشتنی منداڵ و ئاژەڵە ماڵییەکان، چوونکە دەزانن ڕەنگە ئەم کارە بە کارەساتێکی نەخوازراو کۆتایی بێت، ئێمە لە خوارەوە کۆمەڵێک شتی ترتان بۆ باس دەکەین کە دەکرێت لەناوبچێت لەناو ئوتومبیلەکانماندا بەهۆی گەرماوە.

لەماوەی چەندێکا ناو ئوتومبیل ئەگاتە پلەیەکی گەرمی بەرز؟

پێویست ناکات کە پلەیەکی گەرمی بەرزی سروشتیمان هەبێت بۆ گەرم بوونی ناو ئوتومبیلەکان، لەکاتێکدا کە هێزی تیشکی خۆر دەچێتە ناو ئوتومبیلەکەوە و دەست دەکات بە گەرم کردنی بەشەکانی ناو ئوتومبیلەکە وەک داشبۆرد و کوشنەکان،  وایان لێدەکات پلەی گەرمیان بەرز ببێتەوە و ئەو گەرمیەش کە دەری دەدەنەوە بەهۆی داخستنی جامی ئوتومبیلەکانەوە ناتوانێت بچێتە دەرەوە.
ئەگەر لە دەرەوەی ئوتومبیلەکە پلەی گەرمی تەنها ١٦ پلەی سەدی بێت ناو ئوتومبیلەکە پلەی گەرمی دەگاتە ٣٨ پلەی سەدی، ئەمە لەکاتێکدایە کە شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر پلەی گەرمی دەرەوەی ئوتومبیل ٣٠ پلەی سەدی بێت ئەوا پلەی گەرمی ناو ئوتومبیل زۆر بە خێرایی دەگاتە ٦٠ پلەی سەدی، زانکۆی ستاندفۆرد بەشی دەرمانسازی توێژینەوەیەکیان لەم بارەیەوە ئەنجامداو بۆیان دەرکەوت کە پلەی گەرمی لەماوەی ٣٠ خولەکدا بەتەواوەتی بەرز دەبێتەوە لەکاتی پارک کردنی ئوتومبیلەکان.
 

١. منداڵ

بەجێهێشتی منداڵ لەگەرمادا لەناو ئوتومبیلدا کارێکی زۆر هەڵەیە و ڕەنگە بە مردنی منداڵەکەت کۆتایی بێت، هەرچەندە ئەم حاڵەتانە کەمتر ڕوو ئەدەن بەڵام زۆر گرنگە باس بکرێت چونکە چەند حاڵەتێکی لەم شێوەیە ڕوویانداوە لە جیهاندا و ئێمە تەنها یەک نموونە باس ئەکەین بۆ کورتکردنەوەی بابەتەکە. باوکێک بەناوی (ماک کینۆن) لە فلۆریدا ئوتومبیلێکی جۆری فۆرد ئێکسپلورەری پێبووە دوای ئەوەی کە مۆڵەتی وەرگرتووە لەکارەکەی بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببات بۆلای دکتۆر بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە بۆ کارەکەی و بیری چووە کە (پایتۆنی) کچی لەناو کورسییە تایبەتەکەی ناو ئوتومبیلەکەی خەوتووە، لە دوای سێ کاتژمێر بیری دەکەوێتەوە و ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی کچە ١٧ مانگەکەی.
ئەگەر ئێوە حاڵەتێکی لەم شێوەیەتان بینی بۆ ڕزگار کردنی گیانی منداڵان ئەتوانن جامێکی ئوتومبیلەکە لە سووچێکیەوە بشکێنن بەشێوەیەکی کە زیان بە منداڵەکە نەگات بۆ ڕزگارکردنی ژیانی یان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن وەک پۆلیسی هاتووچۆ ژمارە ١٨٨ یان پۆلیسی فریاکەوتن ژمارە ١٠٤.
 

2. ئاژەڵی ماڵی

وەک دەزانن لەم دواییەدا بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی لە هەرێمی کوردستان ڕووی لەزیادبوون کردووەو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاژەڵی ماڵییان هەیە بە دەرەجەی یەکەمیش سەگ، لە ئێستادا زۆربەی خەڵکی ئەوە دەزانن ئەگەر سەگ لەناو ئوتومبیل بەجێبهێڵدرێت لە کەشی گەرمدا ئەوا کۆتایی بە ژیانی سەگەکە دێت، چونکە تەنها لەماوەی ٢٠ خولەکدا پلەی گەرمی لەشی سەگ لە ئوتومبیلێکی گەرمدا دەگاتە ٤١ پلەی سەدی و ئەمەش هۆکارە بۆ مردنی سەگەکە.
توێژەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر پلەی گەرمی دەرەوە تەنها ٢٢ پلەی سەدی بێت ئەوا پلەی گەرمی ناو ئوتومبیل تەنها لەماوەی یەک کاتژمێردا دەگاتە ٤٧ پلەی سەدی، ڕێکخراوەکانی سەلامەتی ئاماژە بەوە دەکەن تەنانەت ئەگەر جامی ئوتومبیلەکان کراوە بێت یان لەبەر سێبەریش پارک کرابێت هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەرژیانی سەگەکان و دەبێتە هۆی لەناوچوونیان.
ئەگەر حاڵەتێکی لەم شێوەیەتان بینی ڕاستەوخۆ هەڵوێست وەربگرن بە شکاندنی جامی ئوتومبیلەکە لە سووچێکەوە یان پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن وەک پۆلیسی هاتووچۆ بە ژمارە ١٨٨ یان پۆلیسی فریاکەوتن ژمارە ١٠٤.

3. بتڵی ئاو
بەجێهێشتنی بتڵی ئاو لە ناو ئوتومبیلدا لەکەشی هەتاو و گەرمیدا دەبێتە هۆی لەناو بردنی پێکهاتە بەسوودەکانی ئاو و شیاوی خواردنەوەی نامێنێت، هەروەها مەترسییەکی زۆر گەورەی هەیە کە ڕەنگە ببێتە هۆی گڕگرتنی ئوتومبیلەکەت ئەمەش دوای ئەوەی خۆرەکە لە بتڵی ئاوەکە دەدات بە تێپەڕبوونی تیشکەکە هەمان کاری زەڕەبین دەکات، تەماشای ئەم ڤیدیۆیە بکەن بزانن چۆن ئەم حاڵەتە ڕوو ئەدات.

 
4. مۆبایل یان هەر ئامێرێکی تر کە پاتری هەبێت

ئەگەر مۆبایلەکەت یان هەر جیهازێکی تر لە ناو ئوتومبیلەکەت و لەبەردەم خۆر ڕاگرت ئەوا دڵنیابە کە ناتوانیت وەک جاران بەکاری بهێنیتەوە و دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ئامێرەکە، ڕەنگە لە حاڵەتی تردا بەهۆی زۆر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەکەی حاڵەتی نەخوازراو و گڕگرتن دروست ببێت، لەبەر ئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەناو ئوتومبیلدا بە جێ نەهێڵین لەکەشی گەرم و هەتاودا. 

5. معطر

بۆنخۆشکەرەکان سەرەڕای ئەوەی سوودیان هەیە و بۆنی ناو ئوتومبیلەکەت خۆش دەکەن یان خۆت بەکاری دەهێنیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکانی زۆر زیاترن ئەگەر لە ئوتومبیلدا بەجێ بهێڵدرێن لە کەشێکی گەرمدا چوونکە دوای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ناو ئوتومبیل بۆ ٤٨ پلەی سەدی پەستانی ناو بوتڵەکە زیاد دەکات و دەتەقێتەوە کەئەمەش زیانی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 

6. حەب و دەرمان


هەندێک لە دەرمانەکان وەک  ئەنتی بایۆتیکەکان پێویستە لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێن هەروەها زۆربەی دەرمانەکانی تر وەک (نۆرفین و کالپۆل) کە بۆ چارەسەری منداڵان بەکار دەهێنرێن نابێت پلەی گەرمیان بگاتە ٢٥ ئەمە بە ووتەی ئەو کەسانەی کە دەرمانەکە دروست دەکەن، لەبەر ئەوە هیچ کاتێک دەرمان لەناو ئوتومبیلدا بەجێ مەهێڵە بۆئەوەی لەباتی سوود زیانت پێ نەگەیەنێت.

 

 

7. چەرخ

 

 

شتێکی تر لەوانەی کەلەناو ئوتومبیلدا دەتەقێتەوە چەرخە لەکاتی گەرمادا، لەبەرئەوە هەرگیز چەرخ لەناو ئوتومبیلەکەتدا بەجێ مەهێڵە.

* چەند پێویستییەکی تر هەیە کە لەژیانی ڕۆژانەدا بەکاری دەهێنین، باشتر وایە لەکاتی گەرمادا لەناو ئوتومبیلدا بەجێی نەهێڵین وەک (کرێمی دژە خۆر، ماددە کحولییەکان، عەینەک و سوراو و نەستەلە و زۆر شتی تریش) کە ئەمانە هەموویان مەترسییان لەسەرە ئەگەر لەناو ئوتومبیلەکان بەجێ بهێڵدرێن لەکاتی گەرمادا.

چەند ڕێنماییەکی تر هەیە کە بۆ سەلامەتی بەڕێزتان ئەتوانن جێبەجێی بکەن.

* پێویستە هەموو ئوتومبیلێک ئاگر کوژێنەوەی تیادا بێت.
* پێویستە ڕێژەی بانزینی ناو تانکی بەنزینەکەت لە چارەک کەمتر نەبێت.
* لە هەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە پەیوەندی بکەن بە ژمارە ١١٥ پۆلیسی بەرگری شارستانی.

بۆبەرچاو ڕوونی بەڕێزتان ئەم ژمارە تەلەفوونانەتان لەبیربێت:
١٨٨ پۆلیسی هاتووچۆ
١٠٤ پۆلیسی فریاکەوتن
١٠٥ بەشی نەهێشتنی تاوان
١٢٢ ئامبوڵانسی تیمەکانی تەندروستی
١١٥ پۆلیسی بەرگری شارستانی "حریق"
١٠٦ ئاسایش
١٩٩ بەشی توندوتیژی ئافرەتان
١٠٠ JCC سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش
 

ئامادەکردنی: هێمن سالار
 

 

© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft