بۆ شۆفێرە نوێیەکان | سەلامەتیت لەکاتی شۆفێریکردندا

2022-10-02     4539
تکایە بە سەلامەتی شۆفێری بکە

مۆڵەتی شۆفێری بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە، ئەوەی شۆفێر لە پشتی سوکانی ئوتومبیلەکەیەوە ئەنجامی ئەدات کاریگەرییەکەی تەنها بۆ خۆی نییە بەڵک و کاریگەری لەسەر ژیانی چواردەورەکەشی هەیە، بۆیە لێرەوە چەند ڕێنماییەک ئاراستەی شۆفێرە نوێیەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بمێننەوە لەکاتی شۆفێریکردندا. 

ئامادەکردنی : هێمن سالار

پابەند بوون بە یاسا و ڕێنمایی و هێماکانی هاتووچۆ،  پێویستە لەسەر شۆفێرە نوێیەکان فێری سەرجەم یاساکان و ڕێنمایی و هێماکانی هاتووچۆ بن و تێبگەن لە بڕگەکانی و پەیڕەوی بکەن و بەکاری بهێنن

١: شۆفێریکردن بە خێرایی ڕێگەپێدراو و لۆژیکییانە: خێرایی لە ڕادەبەدەر یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییە کوشندەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە تایبەت لە نێوان چینی گەنجاندا، هەرچەندە خێرایی ئوتومبیلەکە زیاد بکات کاتی زیاتر پیویست دەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیلەکە.

٢: پشکنین و چاکسازی لە ئوتومبیلدا: ئەم خاڵە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەککەوتنی ئوتومبیل و لەهەمان کاتدا کەمکردەوەی ئەگەرەکانی رووداوی هاتووچۆ، بۆیە زۆرگرنگە دڵنیابیتەوە لە جۆری ڕۆنی ئوتومبیلەکەت، پشکنینی هەوا و کۆنی و نوێیی تایەکان، پشکنینی ڕێژەی ڕۆن ئیستۆپ، وە تێکردنەوەی بەنزین پێش ئەوەی تانکییەکە بە تەواوی بەتاڵ ببێتەوە.

٣: بەستنی پشتوێنی دڵنیایی: پێویستە شۆفێر و سەرجەم سەرنشینانی ناو ئوتومبیل پشتوێنی دڵنیایی بەکاربهێنن.

٤: سەرنجدان: پێویستە شۆفێر لەکاتی شۆفێریکردندا بە تەواوی سەرنجی لەسەر ڕێگاکە بێت و خۆی سەرقاڵ نەکات بە بەکارهێنانی مۆبایل، خواردن، خواردنەوە، زۆر دەستکاریکردنی ڕادیۆ و پلەیەرەکان چوونکە رووداوەکانی هاتووچۆ لە چەند چرکەیەکدا ڕوودەدات و دەتوانرێت ئەمانە فەراهەم بکرێن بە دوورکەوتنەوە لەو بابەتانەی کە دەبنە هۆی شێواندنی سەرنجی شۆفێر بۆ ڕێگاکان.

٥: پشکنینی ئاوێنە و کوشن: پێویستە شۆفێر پێش دەستپێکردن بە مانۆڕی شۆفێریکردن دڵنیابێتەوە لە ڕێکخستنی ئاوێنەکان بۆ ئەوەی بینینێکی باشتری هەبێت، هەروەها ڕێکخستنی کوشنی شۆفێر لە ئاستێکدا کە جەستەی ڕێک و ئاسوودە بێت کە بەم شێوەیە بوو درەنگتر جەستە هیلاک دەبێت.

٦: شۆفێری نەکردن لەکاتی نەخۆشی یان هەست کردن بە ماندوویی و خەواڵوویی، یان لەکاتی بەکارهێنانی ئەو دەرمانە پزیشکییانەی کەدەبێتە هۆی گێژی و خەواڵوویی، وە خۆت بەدووربگرە لە شۆفێریکردن لەژێر کاریگەری مەی و ماددە هۆشبەرەکان، هەموو ئەمانە ئەگەرەکانی تووشبوون بە ڕووداوی هاتووچۆ زیاد دەکات.

٧: کەش و هەوا: هەمیشە چاودێری ڕەوشی کەش و هەوا بکە، لەبەرئەوەی شۆفێریکردن لە کەش و هەوای بەفر و باراناوی سەختترە، وە دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە مەترسی لافاو یان بەستنی شەقامەکانی لێ دەکرێت.

٨: بەڵگەنامەکان: دڵنیاکردنەوە لەوەی کە سەرجەم بەڵگەنامەکانی وەک ( مۆڵەتی شۆفێری، ساڵانەی ئوتومبیل) پێبێت.

٩: پێویستە شۆفێر ئاگاداری ئەوە بێت کە ( ئاگرکوژێنەوە، سێگۆشەی فسفۆری، تایەی سپێر و جەگ و سپانە، بۆکسی فریاگوزاری سەرەتایی) لە ئوتومبیلەکەیدا هەبێت.

١٠: ئەم ژمارانەت هەمیشە لە یاد بێت

کۆنترۆڵی هاتووچۆ ١٨٨

فریاگوزاری تەندروستی ١٢٢

بەرگری شارستانی ١١٥

پۆلیسی فریاکەوتن ١٠٤

ئاسایش ١٠٦

 

 

© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft