بەڕێوەبەری نوێی هاتوچۆ لەگەڵ بەرێوەبەری بەشەكانی هاتوچۆدا كۆبویەوە
2018-09-10 4689
هاتوچۆ/ مەریوان ئیسماعیل
فۆتۆ/ ئاراس نەسرەدین
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (10- 9- 2018) عمیدی مافناس (فەرەیدون عومەر ئەحمەد) بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، كۆبونەوەیەكی ڕێكخست لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بەش و لێپرسراوی هۆبەو بەڕێوەبەرایەتیەكانی ناو شار و قەزای ناوەند و ئەندازەی هاتوچۆ، مەبەست لەكۆبونەوەكە تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی هاتوچۆ لە سەر ئاستی ناو بارەگاو ناو شارو ڕێگاوبانەكانی دەرەوە لەپارێزگای سلێمانی.
هەرەوەها بەڕێوەبەری هاتوچۆ پشتگیری خۆی بۆ ئامادەبوان دوپاتكردەوە بۆ سەرخستنی كارەكانیان و جێبەجێكردنی یاساو ڕێنماییەكانی هاتوچۆ، لەهەمانكاتیشدا زۆر بە وردی تاوتوێی سروشتی كارو چالاكییەكانی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكان و بەش و هۆبەكانی هاتوچۆ كرا، داواشی لە بەشداربوانی كۆبونەوەكە كرد كە بەردەوامبن لە خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتیان.
عەمیدی مافناس ( فەرەیدون عومەر ئەحمەد) بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی لەكۆبونەوەكەدا پلان و بەرچاو ڕونی خستە بەردەم ئامادەبوان، كە كاربكرێت بۆ بەرزكردنی ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان و جێبەجێكردنێكی ئەكتیفتری یاسا و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ و كەمكردنی ڕۆتین لە ڕایكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی گرفت و قوربانیانی ڕوداوەكانی هاتوچۆ.
