چالاکییەکی مەیدانی لە ژێر ناونیشانی " بەکارهێنانی پردو هێڵی پەڕینەوە" لە سلێمانی بەڕێوەچوو
2025-05-18     180
لووتکەی تەندروستی کوردستان بە هاوبەشی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و پارێزگای سلێمانی و لەژێر سەرپەرشتی و بە ئامادەبوونی بەڕێز جەنابی پارێزگاری سلێمانی چالاکییەکی مەیدانی لەژێر ناونیشانی " بەکارهێنانی پرد و هێڵی پەڕینەوە" بە بەشداری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەڕێوە برد ، کە تێیدا هانی هاوڵاتییان دەدرێت لەسەر شەقام بۆ پەڕینەوە پردەکان و هێڵەکانی پەڕینەوە بەکاربهێنن.
چالاکییەکە لە چوارچێوەی (پڕۆژەی سەلامەتی ڕێگاوبان، کوالێتی ئوتومبیل و هۆشیاری هاتووچۆ) بوو، کە لووتکەی تەندروستی کوردستان بە هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو کەمکردنەوەی ڕووداوەکان، بریندار و قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ ئەم چالاکییەی ئەنجامدا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی هانی ئەم جۆرە چالاکییانە دەدات و جیاواز لە بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و هۆشداریدانی هاوڵاتییان ئەم چالاکییانە بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کار لەسەر بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا دەکات کە پابەندی یاساکانی هاتووچۆ بن لە پێناو سەلامەتی گیانی خۆیان.
چالاکییەکە ئەمڕۆ ڕێکەوتی 18-5-2025 لەکاتژمێر 10:00 ی بەیانی لە پارێزگای سلێمانی و لەشەقامی سەرەکی تاسڵوجە – سلێمانی لەبەردەم زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
جێی ئاماژەپێکردنە ئەم چالاکییە بەشێکە لە کەمپینی سەلامەتی ڕێگاوبان، کوالێتی ئوتومبیل و هۆشیاری هاتووچۆ کە پڕۆژەیەکی فراوانی شەش مانگییە، بەکەمپینێکی یەک هەفتەیی لە 12/5/2025 دەستی پێکرد کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی (هەفتەی جیهانی سەلامەتی ڕێگاوبانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی).
کەمپینەکە ماوەی شەش مانگی پڕ لە کەمپینی میدیای و سۆشیال میدیایی، چالاکی هۆشیار ناو کۆمەڵگە، خولی ڕاهێنانی شۆفێران، توێژینەوەی زانستی و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت. ئەم پڕۆژەیە بە ڕێوڕەسمێکی فراوان لە ڕێکەوتی 11/12/2025 کۆتایی دێت.
ئامانج لەم پڕۆژەیە کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، برینداربوون، مردن و پاشهاتە ئابووری و جەستەییەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆیە.