بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم سەردانی هاتووچۆی سلێمانییان کرد

2018-10-17     6643

هاتووچۆ - مەریوان اسماعیل
ئەمڕۆ ١٧/١٠/٢٠١٨ لیوای یاسایی (جەلال کەریم عیسا) بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیوای هاتووچۆ (ڕزگار علی) بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییان کرد و لەلایەن عمیدی مافناس (فریدون عمر احمد) بەڕێوەبەری نوێی هاتووچۆی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بەش و لێپرسراوی هۆبەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ پێشوازیان لێکرا و دواتر کۆبوونەوەیەکییان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی ناوخۆ پیرۆزبایی لە دەست بەکاربوونی عمیدی مافناس (فریدون عمر احمد) وەک بەڕێوەبەری نوێی هاتووچۆی پارێزگای سلیمانی کردو تیشکی خستە سەر بارودۆخی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی و هۆکارەکانی قەرەباڵغی و گرفتە هاتووچۆییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گوونجاو بۆیان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەفسەرانی ناوشار لێپرسینەوەی زیاتری یاسایی لەسەرپێچییە هاتووچۆییەکان بکەن، هاوکات جەختی لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی ناو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی کردەوە.
لای خۆیەوە لیوای هاتووچۆ (ڕزگار علی) بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم تیشکی خستە سەر دۆخی هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی و کاروبارەکانی ئەندازەی هاتووچۆ، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە چاکسازی لە ڕیگاوبانەکانی دەرەوەی شار بکرێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هاتووچۆ و شارەوانییەکاندا بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە لیوای یاسایی ( جەلال کەریم عیسا) بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە بە دواداچوون بۆ پرسی زیادەڕەوی هەندێک دوکاندار و عەرەبانەو دەستگێڕەکان و کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ئاڵۆزی بۆ ڕەوشی هاتووچۆ بکرێت، هەروەها بەپێویستی زانی بەپێی ڕیکارە یاساییەکانی هاتووچۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی ماتۆڕسکیلە دەست بەسەرداگیراوەکان بکرێت.
هاوکات عمیدی مافناس (فریدون عمر احمد) بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی هاتنی هەردوو بەڕێزیانی بەرز نرخاند و بە پشتیوانێکی بەهێز بۆ هاتووچۆی سلێمانی لە قەڵەم دا، هەروەها تیشکی خستە سەر پلانی نوێی ڕێکخستنەوەی هاتووچۆی سلێمانی و ڕۆڵی ئەو لیژنانەی کار دەکەن بۆ ڕێکخستن و پێداچوونەوە بۆ میلاکاتی هاتووچۆ و هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە هاتووچۆی سلێمانی لە ماوەی داهاتوودا هەڵمەتێکی یەک مانگی لە ڕووی پێدانی هۆشیاری و بەرچاو ڕوونی دان بە هاوڵاتییان لە ژێر دروشمی ( ئامانجمان سزادانتان نییە پەرۆشی سەلامەتیتانین) ئەنجام دەدات.











© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft