هاتووچۆی سلێمانی پرۆژەی هۆشیاری هاتووچۆ دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە
2018-10-18     15977
هاتووچۆ - مەریوان اسماعیل
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لەڕێگەی ڕاگەیاندنی پرۆژەیەكی تایبەت بەهۆشیاری هاتووچۆ لەژێر دروشمی (ئامانجمان سزادانتان نیە پەرۆشی سەلامەتیتانین) كە یەك مانگ بەردەوام دەبێت، لەهەوڵی كەمکردنەوەی ڕووداوو سەرپێچییەكانی هاتووچۆدایە.
ئەمڕۆ (18/10/2018) بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سازكرد، لەكۆنگرەكەدا ڕائیدی هاتووچۆ (كاروان محەمەد صدیق) وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، هاتووچۆی سلێمانی بۆ ماوەی یەك مانگ پرۆژەی هۆشیاری هاتووچۆ لەژێر دروشمی (ئامانجمان سزادانتان نیە پەرۆشی سەلامەتیتانین) ئەنجامدەدات كە لە بەرواری (18/10/2018 وە تا 18/11/2018) بەردەوامی دەبێت، ئامانجی پرۆژەكەش بریتیە لە كەمكردنەوە یاخود بنەبڕكردنی ژمارەیەك سەرپێچی زەقی هاتووچۆیی كە ڕەوشی هاتووچۆیان شێواندوەو لای بەشێك لەشۆفێران بووە بەدیاردە، هاوكات ئەو سەرپێچیانە كاریگەری نەرێنیان لەسەر ڕەوشی هاتووچۆ دروستكردوەو زۆرجار ڕوداوی جۆراوجۆری لێكەوتوەتەوە.
وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، كە لەچوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا هۆشداری هاتووچۆیی دەدرێت بەشۆفێران بۆ دوركەوتنەوە لە پێشێلكردنی یاساو ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بەگشتیو زیاتریش هەڵمەتەكە لەسەر ئەم سەرپێچیانە چڕدەكرێتەوە:
1. بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی شۆفێریدا.
2. پەیڕەونەكردنی خێرایی ڕێگە پێدراو.
3. ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەشوێنی قەدەغە.
4. پابەند نەبوونی بارهەڵگرەكان بەیاساو ڕێنماییەكانی هاتووچۆ.
5. نەبوونی مەرجەكانی توندوتۆڵیو پیسكردنی ژینگە.
6. پێشێلكردنی مافی پیادە.
7. شۆفێریكردن لەژێر كاریگەری مادەی هۆشبەر.
8. هەڵگرتنی تابلۆی ساختە.
9. بەكارنەهێنانی كڵاوی ماتۆرسكیل.
10. لێدانی گڵۆپی سور لە ترافیك لایتەكان.
11. بەكارنەهێنانی قایشی سەلامەتی.
ڕائیدی هاتووچۆ (كاروان محەمەد صدیق) سەبارەت بە هەڵمەتی هۆشیاری هاتووچۆ ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئامانجی سزادانی شۆفێران نیە، بەڵكو پەرۆشی پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیانو كەمكردنەوەی ڕوداوەكانو قوربانیانو سەرپێچییەكانی هاتووچۆیە، هەروەها سەبارەت بەئامڕازو میكانیزمی جێبەجێكردنی پرۆژەكە وتی: ئامڕازەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە بریتین لە (ڕاگەیاندنی هاتووچۆ، ڕادیۆی ترافیك، هاتووچۆی ناوشار، هاتووچۆی قەزاری ناوەند، هاتووچۆی قەزاكان، ئەندازەی هاتووچۆو كۆمەڵەو ڕێكخراوەكانی مەدەنی تایبەت بەبواری هاتووچۆ)، هەروەها میكانیزمی جێبەجێكردنی پرۆژەكە بریتییە لە چڕكردنەوەی بەرنامەكانی (شۆفێریو ترافیك) كە لەتەلەفزیۆنەكانەوە پەخش دەكرێن، پایەخدانی ڕادیۆی ترافیك بەپرۆژەكە لەڕێگەی ئەنجامدانی چەندین بەرنامەو دیدار لەگەڵ كەسایەتیو چالاكوانی بواری هاتووچۆو شۆفێرانو قوربانیانی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، ئەویش بەمەبەستی پاڵپشتی كردن لەپرۆژەكە، ئەنجامدانی چەندین سیمینارو ۆركشۆپی تایەبت بەپرۆژەكە.
وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی خەتی لەوەشكردەوە، بەهەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانیو بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافو كاروباری ئاینی سلێمانی كۆبونەوەیەك لەگەڵ مامۆستایانی ئاینیو وتاربێژی ڕۆژانی هەینی سازبكرێت، بۆ ئەوەی وتاری هەینی تایبەت بكلرێت بە پیشێل نەكردنی یاساو ڕێنماییەكانی هاتووچۆ، وتیشی، دوای تەواوبوونی ماوەی پرۆژەكە هەڵسەنگاندن دەكرێت بۆ كاریگەری هەڵمەتەكە لەسەر كەمكردنەوەی ئەو دیاردە زەقانەی ڕەوشی هاتووچۆ دەشێوێنن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لێپرسینەوە لە سەرپێچیكاران چالاكتر دەكات.