گڕگرتنی ئوتومبیل

2018-10-24     8625

چی دەکەیت ئەگەر شتێکی وا بەسەر تۆدا هات؟
گڕگرتنی ئوتومبیل زۆر روونادات بەلام ئەگەر رووبدات حاڵەتێکی ترسناک و کوشندە دروست دەکات، بەگوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٥ لە ئەمریکا ١٧٤.٠٠٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی ئوتومبیل ڕوویداوە کە تیایدا ٤٤٥ کەس گیانیان لەدەست داوە.
 
لەکاتێکدا هەندێک لە حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی پێکدادانەوە ڕوودەدەن، بەلام زۆربەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی بوونی کێشەیەکی کارەبایی یان بوونی کێشە لە سیستەمی بەنزین لە ئوتومبیلەکەدا ڕوودەدات، باشترین چارەسەر بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوانە ئەوەیە کە بەردەوام ئاگاداری ئوتومبیلەکەت بیت و پشکنینی تەواوی بۆ بکەیت بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک هەبوو چارەسەری بکەیت، وە پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵە گرنگانە بیت ئەگەر چارەسەری نەکەیت ئەگەرەکانی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لە ئوتومبیلەکەت زیاتر دەبێت.
 
  •  سووتانی بەردەوامی فیوزەکان
  •  لێچوونی ڕۆن لە ژێرەوەی ئوتومبیلەکەت لەکاتی ڕۆن گۆڕین. 
  • ڕۆن یان هەر ماددەیەکی شلی تر کە لێچوونی هەبێت لە ژێر ئوتومبیلەکەتدا.
  • وایەری خراپ بوو، پچڕاو یان وایەری ڕووت.
  • بوونی کێشە یان دەنگی زۆر بەرز لە سیستەمی ئاگزۆزدا
  • ڕوودانی گۆڕانکاری زۆر لە گێچی بەنزین و ڕۆن و پێوەری گەرمی مەکینە (حەماوە)
  • نەمانی سەری ڕۆنی مەکینە لە فلتەری ڕۆنەکەدا
  • بوونی جاین و سۆندەی ڕزیو یان دڕاو.
پێویستە کاردانەوەت چۆن بێت لەکاتی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە؟
 
ئەگەر بۆنی دووکەڵت کرد یان پریشکی ئاگرت بینی لە ئوتومبیەکەتدا، ئەگەر بزانیت چی ئەکەیت ڕەنگە ڕێگربیت لە ڕوودانی برینداری و ژیانی خۆت یان ئەو سەرنشینانەی لە ئوتومبیلەکەتدان ڕزگار بکەیت، زۆر گرنگە هێمن بمێنیتەوە بەڵام خێرا کردارەکان ئەنجام بدەیت.
ئەوەت بیربێت کە زیاتر ئاگر لە بەشەکانی تری ئوتومبیلدا ڕوودەدات وەک لە ناو مەکینەدا، رەنگە لە ژێر ئوتومبیلەکەدا ڕووبدات، نزیکی تایەکان و سیستەمی وەستاندنی ئوتومبیل، لە داشبۆرد و ڕەنگە لەناو ئوتومبیلەکەشدا. لە ڕاستیدا، گڕگرتن کاتێک لەناوەوەی ئوتومبیلەکەدا ڕوودەدات لە هەموو جۆرەکانی تر ترسێنەرترە بە هۆی نزیکیت لە دووکەڵ و ئاگرەکە.
 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ سەلامەتی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پێشنیار دەکەن بۆچۆنیەتی کاردانەوە لەکاتی گڕگرتنی ئوتومبیل

 

  •  گڵۆپی ئاگادارکردنەوە دابگیرسێنەو خێرا بچۆرە سەلامەتترین شوێن بۆ ئەوەی ئوتومبیلەکە بوەستێنیت، جا چی لە لایەکی شەقامەکە بێت یان ناوەڕاست.
  • ئوتومبیلەکە بوەستێنەو مەکینەکە بکوژێنەرەوە.
  • هەموو سەرنشینەکان دابەزێنە، مەهێڵە هیچ کەسێک بگەڕێتەوە ناو ئوتومبیلە گڕگرتووەکە بۆ هێنانی شت و مەکە تایبەتەکانی.

  • پەیوەندی بە ژمارە ١١٥ بکە پۆلیسی بەرگری شارستانی. 

  • ئەو ئاگرکوژێنەرەوەیەی لە ئوتومبیلەکەدا هەیە ئاراستەی ئاگرەکەی بکە و دوای تەواو بوونی بڕەکەی داوای هاوکاری لە خەڵکی بکە ئاگرکوژێنەرەوەکانی ناو ئوتومبیلەکانیان بەکاربهێنن بۆ ئاگرەکە، بەڵام ئەگەر ئاگرەکە تەشەنەی سەند لە ئوتومبیلەکەدا بەزوویی دووربکەوەرەوە. 
  • بەلایەنی کەمەوە ٣٠ مەتر دوور لە ئوتومبیلەکە بوەستە بۆ ئەوەی پارێزراوبیت لە گڕ و پریشکی ئاگرەکە و مەهێڵە خەڵکی تریش نزیک ببنەوە  لە ئاگرەکە.
  • ئەگەر قەرەباڵغی ڕوویدا داوای هاوکاری لە خەڵک بکە شوێنەکە چۆڵ بکەن.
بەشێوەیەکی گشتی پێویست ناکات خۆت هەوڵی کۆنترۆل کردنی ئاگرەکە بدەیت (ئەگەر کەم بێت ئاساییە، بەڵام گەر ئاگرەکە زیادی کرد دوور بکەوەرەوە) کردنەوەی دەرگاو لابردنی سەری بانزین دەبنە هۆی زیادکردنی ئاگرەکە چوونکە هاتووچۆی هەوا زیاتر دەکات.

ئامادەکردنی: هێمن سالار 
© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft