بۆچی بزوێنەری ئۆتۆمبێل بەهێزی ئەسپ بەراورد دەكرێت؟

2018-11-06     5281

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: مەریوان ئیسماعیل

بیرۆكەی بەراورد كردنی هێزی ئەسپ بە هێزی بزوێنەری ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1764)ی میلادی، كاتێك ئەندازیارێكی ئوسكتلەندی بەناوی (جیمس وات) ئەركی چاك كردنەوەی بزوێنەرێكی بوخاری كە لە ساڵی (1712)ی میلادی دا (تۆماس نیوكومین)ی بەریتانی دروستیكردبوو ‌و توانای كاركردنی بەباشی نەمابوو گرتە ئەستۆ، لەكاتی چاك كردنەوەی بزوێنەرەكەدا (جیمس وات) توانی هەندێك گۆڕانكاری لەكاری بزوێنەرەكەدا بكات‌و چاكی بكاتەوە.
دوای كۆتایهاتنی لە كارەكەیی‌و باشكردنی كار‌و توانای بزوێنەرە بوخاریەكە، هەستا بەگەڕان بەدوای  ڕێگەیەك بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە بتوانێ‌ خەڵك ڕازی بكات كە ئەو بزوێنەرە بوخاریە بكڕن، بەڵام چۆن توانی ئەو كارە بكات؟
ڕۆژێك (جیمس وات) چاودێری كۆمەڵێك ئەسپی دەكرد كە لە كانی خەڵوزدا كاریان دەكرد، لەكاتی گواستنەوەی خەڵوزەكاندا نزیكەی (150) كیلۆ خەڵوزیان لە پشتی ئەسپەكان دەبەست‌و  زیاتر لە (100) مەتریان لە ماوەی یەك خولەكدا دەبڕی، ئەو ئەسپانەش لەلایەن كرێكارەكانی كانە خەڵوزەكەوە بە هێمای هێز‌و توانا لەقەڵەم دەدران، لەوەوە ئەندازیارە ئوسكتلەندیەكە بیرۆكەی بەستنەوەی هێزی بزوێنەری بوخاری بەهێزی ژمارەیەك لە ئەسپ لا دروست بوو.
لەدوای ئەو دۆزینەوەیەی (جیمس وات) ئەسپ بووە یەكەی پێوانەیی هێز بۆ هەر جۆرە بزوێنەرێك، كە ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر دۆزینەوەی بازاڕ‌و فرۆشتنی بزوێنەرەكە دروست كرد، لە دوای ئەوەشەوە هێزی ئەسپ بەفەرمی بووە پێوەر بۆ هێزی بزوێنەری ئۆتۆمبێل.
چۆنێتی دیاریكردنی هێزی بزوێنەری ئۆتۆمبێل؟
توێژینەوە‌و لێكۆڵینەوە زانستیەكانی تایبەت بەبواری ئۆتۆمبێل ئەوە دەردەخات كە پیشەسازری ئۆتۆمبێل لەنێوان ساڵانی (1980) بۆ (2004)دا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە‌و توانراوە هێزی ئەسپ بۆ هێزی بزوێنەری ئۆتۆمبێل بەڕێژەی (80%) زیاد بكرێت، لەگەڵا ئەوەشدا تا ئێستا ئامێرێكی تایبەت بەپێوانی ژمارەی ئەسپ كە پێوەری سەرەكی هێزی بزوێنەری ئۆتۆمبێلە لە ئارادا نیە، بەڵام بۆ زانینی ژمارەی ئەسپ ژمارەی خولانەوەی بزوێنەری ئۆتۆمبێل اە خولەكێكدا دیاریكراوە.
لەوەشەوە بۆ مان دەردەكەوێت كە پەیوەندی بەهێز هەیە لەنێوان خولانەوەی بزوێنەر‌و هێزی بزوێنەری ئۆتۆمبێل دا، هەرچەندە ئەو بۆچونە لای هەندێك كەس جیاوازە‌و پێیانوایە كە جیاوازی لەنێوان خولانەوە‌و هێزی بزوێنەردا هەیە.


© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft