شۆفێران بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان پێویستە دوو وانەی هاتووچۆیی بخوێنن

2019-01-09     10337

هاتووچۆ: مەریوان ئیسماعیل 
پاش ئەوەی كە لە بەرواری (27/10/2018)دا  بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی‌و لێپرسراوی هۆبەی مۆڵەتی شۆفێری لەگەڵا نوسینگەكانی فێركردنی شۆفێری دا كۆبوەوە، تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ لەسەر دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری كرا، لەوانە خوێندنی وانەی هاتووچۆیی لەكاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریدا.
ڕائیدی هاتووچۆ (كاروان محەمەد صدیق) ووتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی سەبارەت بە وتنەوەی وانە بە شۆفێران لەكاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیاندا بە ماڵپەڕی هاتووچۆی ڕاگەیاند، دوای كۆبونەوەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی‌و لێپرسراوی هۆبەی مۆڵەتی شۆفێری لەگەڵا نوسینگەكانی شۆفێری لە بەرواری (27/10/2018)دا تاوتوێی چەند پرسێك كرا، یەكێك لەو پێشنیارانەی لەكۆبونەوەكەدا خرایە ڕوو لەلایەن نوسینگەكانی مۆڵەتی شۆفێریەوە ئەوە بوو كە ئەو كەسانەی بەسیستمی كۆن مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە واتە لەپێش ساڵی (2005)وە پێویستە كاتێك سەردانی هاتووچۆی سلێمانی دەكەن بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان دوو وانەی هاتووچۆیی بخوێنن لە ناو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ دا كە وانەكان لەلایەن مامۆستایانی نوسینگەكانی شۆفێرییەوە دەوترێنەوە لە كاتژمێر (11)ی پێش نیوەڕۆدا‌و دوای خوێندنی ئەو دوو وانەیە مۆڵەتەكانیان نوێدەكرێنەوە. 
ووتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە، خوێندنی ئەو دوو وانەیە بەبێ‌ بەرامبەرە‌و مەبەستیش لێی ئاشناكردنی شۆفێرانە بەسیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری، وتیشی: لە هەفتەی داهاتوەوە ئەم بڕیارەی هاتووچۆی سلێمانی دەكەوێتە بورای جێبەجێكردنەوە.  

© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft