بۆچی نابێت بە خێرایی شۆفێری بکەین؟

2019-03-17     13586

ئامادەکردنی: هێمن سالار

وەک هەمیشە گوێبیست دەبین کە زۆرێک لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەهۆی سەرکێشی و خێرالێخوڕینی شۆفێرانەوە ڕوو دەدەن و کارەساتی دڵتەزێن بەدوای خۆیدا دەهێنێت، راستە کە چەندین هۆکاری تر هەیە کە دەبنە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ بەڵام لێرەدا چەند خاڵێک باس دەکەین کە وا لە تۆی شۆفێر دەکات بیر لە تیژڕەوی نەکەیتەوە. 

1. یاسا ڕێگەت پێنادات کە لەو خێراییەی بۆت دیاریکراوە خێراتر بڕۆیت و ئەگەر ئەو سەرپێچییە بکەیت سزا دەدرێیت و ئەگەر لە کامێراکانی چاودێری خێراییەوە سەرپێچییەکەت بۆ تۆمار بکرێت سزاکەی لە (٧٠.٠٠٠) دینار دەست پێدەکات بۆ (٢٥٠.٠٠٠) دینار.
2. بەنزین زیاتر بەفیڕۆ دەدەیت، کاتێک بە خێراییەکی زۆر شۆفێری دەکەیت ئوتومبیلەکەت بەنزینێکی زۆرتر دەسوتێنێت.
3. ژیانت دەخەیتە مەترسییەوە، لیخوڕینی خیرا بکوژە و تا خێراییەکەت زیاتربێت ئەگەری نزیک بوونەوەت لە مردن و کەم ئەندام بوون زیاتر دەبێت، شۆفێر لەکاتی خێرایی زۆردا کاتەکەی زۆر کەمتر دەبێتەوە بۆ بڕیاردان و وەستان لەئەگەری دروست بوونی هەر بارودۆخێک لەسەر شەقامەکە، رەنگە یەک چرکە زیاتر ببێتە هۆی پاراستنی ژیانت کە بەدەستهێنانی ئەو چرکەیە تەنها بەوە دەبێت هێواشتر شۆفێری بکەیت.
4. لە لێخوڕینی خێرا کاتی زۆرت بۆ ناگەڕێتەوە، رەنگە زۆرێک لە شۆفێران بیر لەوە بکەنەوە کە درەنگ کەوتوون بۆیە دەبێت بەخێرایی شۆفێری بکەن بۆئەوەی زووتر بگەن، بەڵام لە راستیدا ئەو جیاوازییەی لە خێرا لێخوڕین دەستت دەکەوێت زۆر کەمەو شایەنی ئەوە نییە ژیانتی بۆ بخەیتە مەترسییەوە.
5. بیروهۆشی خۆت ماندوو دەکەیت بە خێرایی ڕۆشتن، لە راستیدا کاتێک بە خێرایی شۆفێری دەکەیت هیچ چێژێک لە شۆفێرییەکەت وەرناگریت و هەموو سەرنجت دەڕواتە سەر ئەوەی چۆن بە شەقامەکەدا بڕۆیت، وای لێدێت ماندوو و تووڕە ئەبیت لە شێوازی شۆفێریکردنی خۆت لەبری ئەوەی شۆفێرییەکی چێژبەخش بە هێواش ڕۆشتن بە دەست بهێنیت.
6.هەتا ئۆتۆمبێل خێرا بێت پێویستی بە مەوداو کاتی زیاترە بۆ وەستان
7. ژیانت قورس دەکەیت لە بری ئاسانی بکەیت، لە راستیدا ئەم خاڵە زیاتر پەیوەندی بە خاڵی پێنجەمەوە هەیە بەڵام زیاتر ڕوونی بکەینەوە گەر تۆ بتەوێت کۆنترۆڵی توڕەیی و بێتاقەتییەکانی خۆت بکەیت ئەوا لە لێخوڕینی هێواش زۆر بە ئاسانی دەستت دەکەوێت، نە تووشی سزای یاسایی و کامێرا دەبیت نە سەرئێشە بۆخۆت دروست ئەکەیت لەگەڵ بەکارهێنەرانی تری شەقام.
8. دەتوانیت کەسانی تێگەشتوو و ڕۆشنبیر بە شۆفێری کردنەکەیدا بناسیتەوە، ئەگەر تۆ لە شەقامێکدا شۆفێری بکەیت و لەسەرخۆو پابەندی یاساکان بیت کەسانی چواردەورت بە باش باست دەکەن و رەنگە بە شۆفێری نموونەیی ناوت بهێنن، بەڵام ئەو شۆفێرانەی تیژڕەون و بەکارهێنەرانی تری شەقام بێزار دەکەن هەمیشە تووشی لێپیچینەوەی یاسایی دەبن لەپاڵ ئەوەشدا خەڵکی بەباشە باسی ناکەن و رەنگە ووشەی نەشیاوی بەرامبەر بەکاربهێنن و هیواداربن هەرگیز ئەو شۆفێرە نەبیننەوە لەسەر ئەو شەقامەی پیایدا دەڕۆن.
© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft