پێش بەفربارین ئوتومبیلەکەت ئامادە بکە

2022-01-14     5291

ڕێپێدراوی هاتوچۆ - هێمن سالار

بارینی بەفر و سپی بوونی شەقام و شاخ و باخەکان ڕەنگە دیمەنێکی چێژ بەخش بێت و هەمووان حەز بە بینینی ئەو دیمەنانە بکەن بەڵام بۆ شۆفێران ئەرکەکەیان دەبێتە دوو هێندەو بگرە زیاتریش لەکاتی شۆفێریکردن لە کەش و هەوای لەم جۆرەدا، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرپرسیاریەتییەکان و مانۆڕی شۆفێریکردن سەختتر دەبێت و ڕەنگە لە هەندێک بارودۆخدا مەترسیدار بێت. ئێمە لێرەدا چەند ڕێنماییەکتان پێشکەش دەکەین کە ڕەنگە ببێتە هۆی پاراستنی گیانتان لە کاتی شۆفێریکردن لەکاتی بەفرباریندا.

١) ئامادە کردنی ئوتومبیلەکەت بە دڵنیا کردنەوە لە چەند خاڵێکی گرنگ:
* پێویستە ئەنتی فرییز ( شلەی دژە بەستن) بکەیتە ناو دەبەی ڕادێتەری ئوتومبیلەکەت.
* دڵنیاکردنەوە لە سیستەمی برێک لە ئوتومبیلەکەتدا ( سیستەمی ABS بەباشی کار بکات، نەبوونی لیک و لێچوون لە سیستەمی برێکدا)
* تایەی ئوتومبیلەکەت پێویستە چاڵ و خەتەکانی لە ڕێژەی دیاریکراوی یاسایی کەمتر نەبێت و بڕی دروست هەوایان تیادا بێت و نابێت هەوای کەم بێت.
* فڵچەی جامەکان بە باشی کاربکات.
* سیستەمی گەرمی ئوتومبیلەکە و هیتەری نەهێشتنی تەم بە باشی کار بکەن.
* پێویستە پاتری ئوتومبیلەکەت نوێ بێت و هیچ کێشەی نەبێت.


٢)  کەمکردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیلەکەت هەبێت واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.

٣) پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئوتومبیلەکەی خۆت و ئوتومبیلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیل.

٤) ئیشکردنی ڕووناککەرەوە(گڵۆپ)ی نزم و ڕووناککەرەوەی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە بارینی بەفرو بوونی تەم ڕێژەی بینین کەم دەکاتەوە.

٥)  پێویستە بانزینی تەواو لە ئوتومبیلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.

٦) نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵک و بەنەرمی و لەسەرخۆیی.

٧) سەردان نەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.
٨) بوونی بەتانییەک لە ناو ئوتومبیلەکەت ئەگەر ناچار بوویت گەشتێک بۆ دەرەوەی شارەکان ئەنجام بدەیت.
٩) دیاریکردنی خێرایی (تحدید سرعة Cruise control) لەکاتی باران بارین و بەفردا بیکوژێنەرەوە چونکە دیاریکردنی خێرایی لەم کاتانەدا وا دەکات کە کۆنترۆڵی ئوتومبیلەکەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وابیربکەیتەوە کە هاوکاریت دەکات و لەخێراییەکی دیاریکراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئوتومبیلەکەت بخلیسکێت و دیاریکردنی خێراییت کار پێکردبێت لەم کاتەدا ئوتومبیلەکەت خێراتر دەبێت و ڕەنگە زیانەکان زۆر زیاتر بکات.


١٠) لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان.
سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان JCC  ژمارە ١٠٠
هاتوچۆ ١٨٨
پۆلیسی فریاکەوتن ١٠٤
فریاگوزاری تەندروستی ١٢٢
بەرگری شارستانی ١١٥

 

© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft