بەشی بازگەکانی هاتووچۆی سلێمانی بناسە

2025-08-10     38

بەشی بازگەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی یەکێکە لە بەشە کارا و ئەکتیڤەکان و رۆژانە لە سنووری بازگەکان و ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شار ئەرک و خزمەتێکی گەورەی هاتووچۆیی بە ئەنجام دەگەیەنن.

عقیدی هاتووچۆ (فخرالدین امین صالح) بەڕێوەبەری بەشی بازگەکان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕ و پەیجی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند: رۆژانە لە چوارچێوەی کارەکانمان لە خزمەتی هاوڵاتییانداین لە ڕووی لێپرسینەوەو جێبەجێکردنی یاسای هاتووچۆ لە بازگە هاتووچۆییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، وە دڵنیاکردنەوە لە هەریەک لە سەرپێچییەکانی وەک  بەسەرچوونی بەڵگەنامەکانی( مۆڵەتی شۆفێری، ساڵانە و پشکنینی مەرجەکانی توندوتۆڵی) هەروەها سزادانی ئەو شۆفێرانەی باری بەرز و باری زیادە لە سوارڕەوەکانیان دەدەن هەروەها چەندین جۆری دیکەی ئەو سەرپێچییانەی کە لە یاسای هاتووچۆ ئاماژەی پێدراوە. وە دواتر سەردانی بەشی داواکان دەکەن لەناو بارەگای بەشی بازگەکان لە سەرشەقامی بازنەیی مەلیک محمود نزیک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بەمەبەستی وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەکانیان و تەواو کردنی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر بەو سەرپێچییانەی کە بەئەنجام گەیەندراون.

عقید (فخرالدین امین) ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای ئەم ئەرکانە رۆژانە مەفرەزە تایبەتەکانیان بەشەو و بەڕۆژ لە ئەرکدان بۆ لێپچینەوەو لێپرسینەوەو ڕێنمایی کردنی شۆفێران.

بەڕێوەبەری بەشی بازگەکان لە داواکارییەکدا بۆ شۆفێران ووتی: بەپێی داتا و ئامارەکانی هاتووچۆ پشکی شێر لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ و گیانلەدەستدان لە سنووری ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شارە، بۆیە داواکارین بەوپەڕی ووریایەوە شۆفێری بکەن و سەرکێشی بەژیانی خۆیانەوە نەکەن و هەموو شۆفێرێک و سەرنشینەکانی پێویستە پشتوێنی دڵنیایی بەکار بهێنن وە خۆیان بەدوور بگرن لە تیژڕەوی و تێپەڕاندنی هەڵە و شۆفێریکردن لە ژێر کاریگەری مەی یاخود بەکارهێنانی مۆبایل کە مەترسییەکی گەورە بۆ سەرژیانیان دروست دەکات.

© 2025 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft