هاتوچۆ - مەریوان اسماعیل
بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، پێبژاردنی سەرپێچییەکانی هاتوچۆ لەمەودوا دەکرێتە سیستەمی پشکی مانگانە (قیست).
ڕائیدی هاتوچۆ (کاروان محمد صدیق) ووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی ڕاگەیاند: بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، لەمەودوا پێبژاردنی سەرپێچییەکانی هاتوچۆ دەکرێتە پشکی مانگانە، بەجۆرێک ئەو ئوتومبیلانەی ساڵانەکانیان بەسەرچووە خاوەنەکانیان دەتوانن لەکاتی نوێکردنەوە سوود لەو سیستەمە وەربگرن و لەبەشی یاسای بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی پارێزگاکان بەڵێننامە پڕ بکەنەوە، کەلەماوەی یەک ساڵدا ئەو بڕە پارە سزایە بدەن کەلەسەریانە، هەروەها دەبێت هەر سزایەکی دیکە کەلەداهاتوودا تۆمار دەکرێت لەو ماوەیەدا بدرێت.
ووتەبێژی هاتوچؤی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی کردنی سزای سەرپێچی بە قیستی مانگانە تەنها یەک کڕیار سوودمەند دەبێت لەم بڕیارە، واتە ئەگەر خاوەنی ئوتومبیل ئوتومبیلەکەی فرۆشت لەکاتی مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی(تحویل) پیویستە سەرجەم بڕی سزاکە بدرێت.