سلێمانی كار بۆ رێكخستنی هاتوچۆی خوێندكاران دەكات

2017-12-04     1768


مەریوان ئیسماعیل 

قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی كار بۆ رێكخستنی هاتوچۆی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگا و خوێندنگە ئەهلی و حكومییەكان لە رووی نرخ و جێ بەجێكردنی رێنماییەكانی هاتوچۆوە دەكات بۆ ئەو مەبەستە لیژنە یەكی تایبەتی پێك هێناوە.

رائدی هاتوچۆ (چالاك صلاح شێر ) نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە لیژنەی هاوبەشی قائیمقامیەتی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەری هاتوچۆی سلێمانی راگەیاند: بە مەبەستی رێكخستنی  هاتوچۆی  خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەو خوێندنگە ئەهلی و حكومییەكان لیژنەكەیان بریاری داوە بە وەرگرتنی ئاماری ئەو پاص و تاكسییانەی كاری  گواستنەوەی خوێنكاران و قوتابیان دەكەن لە سنوری هەردوو بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژ ئاوا، هەروەها وەرگرتنی ئاماری ئەو خوێندكارانەی بە پاص هاتوچۆ دەكەن.
رائد چالاك ئاماژەی بەوەش كرد كە بە هیچ شێوەیەك رێگا بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و بارهەڵگر نادرێت كاری گواستنەوەی خوێندكاران و قوتابیان بكەن جگە لە كەسانی پلە یەكی خوێندكاران هەروەها  پێویستە نا و ناونیشان و سەرجەم بەڵگە فەرمییەكان لە شۆفێرانی ئەو پاص و تاكسیانە وەربگیرێت .
جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە پاص و تاكسییەكان بە پێیی كورسی دانیشتن خوێندكار و قوتابی بگوێزنەوە بە پێچەوانەوە لە لایەن هاتوچۆوە سزا دەدرێن.
یەکێک لەو مەرجانەی دانراون بۆ ئەو ئوتومبیلانە دەبێت مۆدێلیان لە ٢٠٠٢ بەرەو سەرەوە بن و ئامێری گەرم کەرەوەو سارد کەرەوەیان تیادا بێت.
رائدی ناوبراو  وتیشی: نابێت هیچ پاص و تاكسیەك لە كاتی گواستنەوەی خوێندكاراندا رادیۆ یاخود تسجیل بە كار بێنێت بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن و ئۆتۆمبێلەكەشیان لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانیەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ دەستی بەسەردا دەگیرێت، هەروەها لیژنەكەیان بریاری لە سەر چەند بابەتێكی دیكە داوە كە تایبەتە بە چۆنێتی كاری پاص و تاكسیەكان بۆ گواستنەوەی قوتابیان .  

© 2025 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft