لە هاتووچۆی سلێمانی سیمینارێكی تایبەت بە ڕوداوەكانی هاتووچۆ بەڕێوەچوو

2019-02-28     1736

هاتووچۆ: مەریوان ئیسماعیل
 لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی سیمینارێكی تایبەت لەژێر ناوی ( تاكە قوربانییەكیش لە ڕووداوی هاتووچۆدا زۆرە) لەلایەن ڕێكخراوی (ترافیك)ەوە ئەنجامدرا.
ئەمڕۆ (28/2/2019)  لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی‌و بە ئامادەبوونی عەمیدی مافناس (فەرەیدون عومەر ئەحمەد) بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی‌و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی هاتووچۆ‌و بەسەرپەرشتی ڕێكخراوی (ترافیك) سیمینارێكی تایبەت بە ڕووداوەكانی هاتووچۆ لەژێر ناوی ( تاكە قوربانییەكیش لە ڕووداوی هاتووچۆدا زۆرە) ئەنجامدرا، سیمینارەكە  تایبەت بوو بە ڕووداوەكانی هاتووچۆ‌و ژمارەی قوربانییانی ئەو ڕووداوانە‌و هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەیان یان بنەبڕكردنیان لەلایەن (دكتۆر هەڵكەوت عەبدوڵڵا) شارەزا لەبواری هاتووچۆدا بەڕێوەچوو.
( دكتۆر هەڵكەوت عەبدوڵڵا) ئاماژەی بەوەكرد، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كێشەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ پێویستە پلانی (5 بۆ 10) ساڵی دابنرێت‌و بیرۆكەی پلانەكە لەوەوە هاتووە كە ڕێگە لەڕووداوەكانی هاتووچۆ بگیرێت‌و زیانە دارایی‌و مرۆییەكان كەمبكرێتەوە، هەروەها ئامانج لەپلانەكە ئەوەیە كە لەماوەیەكی دیاریكراوەدا‌و بە پیادەكردنی كۆمەڵێك ڕێگەی یاسایی‌و پیشەیی‌و زانستی ڕێژەی قوربانیانی ڕووداوەكانی هاتووچۆ كەمبكرێتەوە.
لەكۆتایی سیمینارەكەشدا بڕوانامەی بەشداربوون لە خولی (هونەرەكانی بوون بەسەركردە) كە لەماوەی ڕابردوودا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، لەلایەن عەمیدی مافناس (فەرەیدون عومەر ئەحمەد) بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانیەوە بەسەر ئەفسەرانی بەشداربووی خولەكەدا دابەشكرا.




























© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft