لە سلێمانی سزای ئەم شۆفێرانە دەدرێت

2019-04-11     5389



لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی سزای ئەو شۆفێرانەی گواستنەوەی خوێندكاران دەدات كە سەرپێچی دەكەن , لەو بارەیەوە چالاك سەڵاح رائیدی هاتوچۆ و سەرۆكی لیژنەی هاتوچۆی خوێندكاران ، بە ماڵپەری گەلی کوردستانی  رایگەیاندوە  دایكان و باوكان سكاڵایان كردووە لەسەر زۆری ژمارەی خوێندكاران لەناو پاس و تەكسی لەكاتی گواستنەوەیان بۆ خوێندنگە و‌ نەگەڕاندنەوەی كرێی هاتوچۆی خوێندكاران لە رۆژانی پشوو، لیژنەكە بەدواداچوونی كردووە دەركەوتووە كە بەشێك لە شۆفێری پاسەكان ئەو بڕەیان نەگەڕاندۆتەوە.
وتیشی پێشتر شۆفێرانی گواستنەوەی خوێندكاران ئاگاداركراونەتەوە كە هێندەی ژمارەی كورسیەكان خوێندكاران بگوازنەوە و هەرشۆفێرێكیش خوێندكاری زیاد هەڵبگرێت بەپسوڵەی سەرپێچیكردن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی سزا دەدرێت‌.
چالاك سەڵاح ئاماژەی بەوەشكرد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی دوور و نزیكی خوێندكار لە خوێندنگەكەیەوە كراوەتە پێوەر بۆ دیاریكردنی نرخی هاتوچۆكردن، هەروەها بڕی ئەو پارەی كە پێویستە لە رۆژەكانی پشووی مانگی سێ بگەرێنرێتەوە، دیاریكراوە.
راشیگەیاند بڕی ئەو پارەی لەرۆژانی پشووی مانگی سێ پێویستە لەلایەن شۆفێری پاسەكان بیگەڕێنێتەوە بۆ خوێندكاران، هەر شۆفێرێك نەیگەڕێنێتەوە و سەرپێچی بكات رووبەرووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە.


سەرچاوە گەلی کوردستان 
© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft