بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی كرد

2020-09-29     5931

هاتووچۆ - مەریوان ئیسماعیل
فۆتۆ: بەرهەم محمود
هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر‌و سلێمانی جەخت لەسەر هەماهەنگی‌و هاوكاری نێوانیان دەكەنەوە لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان، بڕیاریشیاندا لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچونی كاری لیژنەكانی پشكنینی ئۆتۆمبێل پێكبهێنرێت.
ئەمڕۆ بەرواری (29/9/2020) عەمیدی مافناس (دیدار عومەر قادر) بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەولێر بەیاوەری عەمیدی هاتووچۆ (یەعقوب یوسف شەریف) بەڕێوەبەری كارگێڕی هاتووچۆی هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانیان كرد‌و لەلایەن عەمیدی مافناس (فەرەیدون عومەر ئەحمەد) بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی‌و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی هاتووچۆی سلێمانیەوە پێشوازیان لێكرا، لەكۆبونەوەكەدا بەڕێوەبەرانی هاتووچۆی هەولێر‌و سلێمانی تاوتوێی ئیش‌و كارەكانی هاتووچۆ‌و چۆنێتی ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیانیان كرد.
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەوەكردەوە، لەئێستادا لە هاتووچۆی سلێمانی بەیەك میكانیزم كار بۆ ڕایكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان دەكرێت، هەردوولاش جەختیان لەسەر هەماهەنگی‌و هاوكاری تەواوی نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر‌و سلێمانی كردەوە لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان، بڕیاریشیاندا لیژنەیەكی تایبەت لەهەردوولا پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچونی كاری لیژنەكانی پشكنینی ئۆتۆمبێل‌. هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد کە لەمەودوا سەرجەم مامەڵەی تۆماری یەكەمجار‌و سەرەتای ئۆتۆمبێل‌و گواستنەوەی خاوەندارێتی نادرێتەوە دەست خاوەن ئۆتۆمبێلەكە، بەڵكو بەڕێگەی بەرید ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت لە نێوان هاتووچۆی هەولێر‌و هاتووچۆی سلێمانی دا.
هاوكات هەردوولا كۆك بوون لەسەر كەمكردنەوەی ڕۆتین لە كاروبارەكان‌و پێشكەش كردنی ئاسانكاری‌و خزمەتگوزارییە هاتووچۆییەكان بۆ هاوڵاتیان. 


































 
© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft