پێشبینی مه‌ترسیدار بۆ زۆربونی ئۆتۆمبێل له‌عێراق ده‌كرێت

2021-11-16     677



وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكردووه‌، نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن ئۆتۆمبێل له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا هه‌یه‌ به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، پێشبینیش ده‌كرێت ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌چه‌ند ساڵی داهاتودا زیاتر به‌رزبێته‌وه‌.
(زوهره‌ هنداوی) وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ ژماره‌ی ئۆتۆمبێل به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ڕووی له‌هه‌ڵكشان كردووه‌، تائێستا نزیكه‌ی 7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی كه‌رتی تایبه‌ت بوونی هه‌یه‌.
جگه‌ له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن‌و كه‌رتی گشتین ‌و سه‌ر به‌داموده‌زگاكانی حكومه‌تن، وێڕای ماتۆرسكیل و "توكتوكه‌كان"، ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقیه‌كه‌ پێشبینیه‌كی مه‌ترسیدار ده‌كات له‌ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ بۆ عێراق‌و ده‌ڵێت تاوه‌كو ساڵی 2035 ژماره‌ی ئۆتۆمبێل له‌عێراقدا ده‌گاته‌ 15 ملیۆن ئۆتۆمبیِل ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێوشوێنی پێویست بگیرێته‌ به‌ر ئه‌م پێشبینیه‌ گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت.
به‌گوێره‌ی ئامارێكیش كه‌ له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی هه‌رێمه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ترافیك ئێف ئێم دراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، تاوه‌كو 31-7-2021 (1.909.445) یه‌ك ملیۆن‌و نۆسه‌دو نۆ هه‌زارو چوارسه‌دو چل‌و پێنج ئۆتۆمبێلی تۆماركراو له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم بوونیان هه‌یه‌، زیاتر له‌ 29295 هه‌زار ئۆتۆمبێلی میری، وێڕای 19461 ماتۆر سكیلیش تۆمارن‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن، كه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژیش ئاماری ئۆتۆمبێل له‌زیاد بووندایه‌ له‌هه‌رێمیش.
وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌دوو ئاراسته‌ كارده‌كات یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندی به‌هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێله‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه‌ كه‌ عێراق له‌كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبیله‌وه‌ هه‌یه‌ـ، كه‌ له‌مانگی سێپتێمبه‌ری ڕابردوودا جێبه‌جێده‌كرێت، تیایدا ئاماژه‌ی به‌هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیل به‌رز ده‌كات وه‌ك 2022.
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو كه‌ عێراق ڕێگه‌ به‌هاورده‌كردنی هیچ ئۆتۆمبیلێك نادات كه‌ ئه‌گه‌ر هاوشێوه‌ی ئه‌و مه‌رج‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ نه‌بێت كه‌ داوای ده‌كات ئه‌وروپی بێت یاخود خلیجی.
هنداوی ده‌رباره‌ی ئاراسته‌ی دووه‌میش ده‌لێت ئه‌و مه‌رجانه‌ ده‌بێت جێبه‌جێبكرێت كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی‌و پلاندانان‌و لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌ بۆدانانی پێوه‌رو ڕێكخستنی تایبه‌ت به‌هاورده‌كردنی ئۆتۆمبیل هاوكات دانانی پلانی فراوانكردنی شه‌قامه‌كانی،  بۆ نه‌هێشتنی لۆدی ئۆتۆمبێل له‌نێو پارێزگاكان‌و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كاندا.
ئاماده‌كرنی: عه‌بدولكه‌ریم ئیسماعیل
© 2022 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft