بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی مامەڵەی هاوڵاتیان ئاسان دەکات

2022-08-02     10427
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی

پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لۆدێکی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دروست بووبوو کە بەهۆیەوە مامەڵەی هاوڵاتییان دوا دەکەوت و کاتێکی زۆرتریان پێ دەچوو تا بتوانن مامەڵەکانیان تەواو بکەن، لەم روانگەیەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دوای داڕشتنی پلانی وورد توانرا میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ئاسانکاری هاوڵاتییان لە تەواوکردنی مامەڵەکانیاندا بەشێوەیەکی خێراتر.

لەو پلانانەی کە هاتووچۆی سلێمانی لە ئێستادا پەیڕەوی دەکات بریتییە لە:

١. نەهێشتنی  ڕۆتینی نووسراوەکان لە ئیمزاو سەردانیکردنی ژوورەکان.

٢. کەمکردنەوەی هەنگاوەکانی مامەڵە و یەکخستنی ژوورەکان کە وا دەکات هاوڵاتی بە یەکجار نۆرەگرتن چەند کارێک تەواو بکات و هەروەها لەبری ئەوەی لە چەند ژوورێک هاوڵاتییەکە پسووڵە ببڕێت لە یەک شوێندا دەتوانێت بەشی پسوڵە تەواو بکات.

٣. ڕێکخستنەوە و دابەشکردنەوەی ئەفسەر و کارمەندان و پێدانی دەسەڵات بە ئەفسەرەکان لە ڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ بەڕێوەبەری بەش و هۆبەکان.

٤. ڕێکخستنی کاری کۆمپانیاکان و لابردنی سنووردارکردنی مامەڵە، هەروەها درێژکردنەوەی ماوەی کارپێکردنی پشتگیری کۆمپانیاکان.

٥. زۆرکردنی لیژنەکانی پشکنین لە (٣) لیژنەوە بۆ (٩) لیژنە و بڵاوەپێکردنیان بەسەر تاقیگەکانی پشکنینی ئوتومبیلدا.

ئەگەر وەک نموونە ژمارەی تەواوکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان وەربگرین لە چەند رۆژێکی مانگەکانی رابردوو و ئێستادا دەبینین کە پلانەکە سەرکەوتوو بووە و مامەڵەی هاوڵاتییان زیاتر تەواو دەکرێت و بە کاتێکی کەمتر.

لە٢٦/٠٥/٢٠٢٢  سەرجەمی کاری گشتی (مامەڵەی ڕاییکراو) بریتی بووە لە (٦٣٠) مامەڵە لە رۆژێکدا

لە٢٦/٠٦/٢٠٢٢ سەرجەمی کاری گشتی (مامەڵەی ڕاییکراو) بریتی بووە لە (٧٦١) مامەڵە لە رۆژێکدا.

لە دوای جێبەجێکردنی پلانەکان لە ڕێکەوتی ٢٦/٠٧/٢٠٢٢ سەرجەم کاری گشتی ( مامەڵەی ڕاییکراو) بریتی بووە لە ( ٩٢٧) مامەڵە لە ڕۆژێکدا.

هەروەها لە ٢٧/٠٧/٢٠٢٢ سەرجەم کاری گشتی ( مامەڵەی ڕاییکراو) بریتی بووە لە (٩٤٢) مامەڵە لە ڕۆژێکدا.

وە لە ٠١/٠٨/٢٠٢٢ سەرجەم کاری گشتی ( مامەڵەی ڕاییکراو) بریتی بووە لە (١٠٢٩) مامەڵە لە ڕۆژێکدا.

" وەک هەمیشە بەڵێن بە هاوڵاتییان دەدەین کە تا بتوانین کارئاسانی تەواویان بۆ بکەین و باشترین خزمەتگوزاریان پێشکەش بکەین و هەنگاو و ڕۆتینەکانی کارکردن کورتتر و کەمتر دەکەین"

© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft