کۆمپانیای ڤۆڵڤۆ یەکێک لە گەورەترین داهێنانەکانی پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد

2023-05-30     663

کۆمپانیای ڤۆڵڤۆی سویدی بێ بەرامبەر یەکێک لە گرنگترین داهێنانەکانی پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد کە بووە هۆکاری پاراستنی گیانی ملیۆنان کەس لە جیهاندا، ئەویش بیرۆکەی داهێنانی پشتوێنی سەلامەتی (٣ خاڵ) بوو بۆ یەکەم جار.

کۆمپانیای ڤۆڵڤۆ لەساڵی ١٩٥٩  لەلایەن گەنجێکی سویدی بەناوی ( Nils Bohlin) بوو بە یەکەم کۆمپانیا لە داهێنانی پشوتێنی دڵنیایی (٣خاڵ)دا ،کە بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین داهێنان لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت و ئەمەش دواى زنجيرەیەك ئەزموونى  بێ ئه نجامی پێش خۆى بوو.

پشتوێنی سەلامەتی: بەشێکە لە ناوەوەی ئوتومبیل دانراوە، لە پێناو سەلامەتی مرۆڤەکاندا داهێنراوە، ئامانج لێی ئەوەیە ئەگەرەکانی مردن و برینداری کەم بکاتەوە لە ڕووداوەکانی هاتووچۆدا.

هەرچەندە لە ساڵی (1870) دا یەكەمین ئۆتۆمبێل داهێنرا، بەڵام باشترین سیستەمی پشتوێنی سەلامەتی (50) ساڵ دوای داهێنانی ئۆتۆمبێل كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو داهێنانی ئەم ئامرازەش وەك پراكتیزەكردنی یاسای یەكەمی نیوتنە كە دەڵێت:

 (تەنێكی نەجوڵاو بە نەجوڵاوی دەمێنێتەوەو تەنی جوڵاویش بەردەوام دەبێت لە جوڵەكەی بەخێراییەكی رێك و لە هێڵێكی رێكدا ئەگەر هیچ زەبرێكی دەرەكی كاری تێنەكات)

داهێنانی پشتوێنی سەلامەتی (٣خاڵی) لە ساڵی ١٩٥٩

بۆیەکەمجار ئەم جۆرە پشتوێنە لە ئۆتۆمبێلەكانی ڤۆلڤۆی سویدیدا بەكارهێنراو بۆ ماوەی چەند ساڵێك تاقیكرایەوەو دەركەوت رێژەی مردن و برینداربوونی سەختی سەرنشینانی ئۆتۆمبێل لە رووداوەكانی هاتووچۆدا كەمتر دەكاتەوە، هەمان ساڵ بووە خاوەنی پێشەنگی داهێنانەکان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە Nils دەستبەرداری هەر قازانجێک بوو کە لەو داهێنانە دەستی بکەوێت و هەموو کۆمپانیاکانی تری ئوتومبیل بۆیان هەبوو بێ بەرامبەر ئەو داهێنانە لە ئوتومبیلەکانیاندا بەردەست بکەن، دوای ماوەیەكی كەم زۆربەی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا هەمان رێچكەی كۆمپانیای ڤۆلڤۆیان گرت و پشتوێنی سەلامەتیان لە ئۆتۆمبێلەكانیاندا دانا بەشێوەی (٣خاڵی).

 لە شەستەكانی سەدەی رابردوو بەدواوە هەندێك ووڵات یاسای تایبەتیان بە پشتوێنی سەلامەتی دەركرد و بەستنی ئەو پشتوێنەیان بۆ شۆفێرو سەرنشینەكان كردە ناچاری و سزای مادییان بۆ سەرپێچیكارانی بڕیارەكە دانا.

لەراپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە سەلامەتی شۆفێری ئاماژە بەوە دەكات:  سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی ئەمڕۆ پشتوێنی سەلامەتیان هەیە، كەچی هێشتا هەندێك لە شۆفێران پشتوێنی سەلامەتی بەکارناهێنن و بە شتێكی زیادە و بەستنی بەبێگار دەزانن، هەر بۆیە تا ئێستا ساڵانە بەهۆی ڕووداوەكانی هاتووچۆوە (1.35) ملیۆن كەس لە جیهاندا گیان لە دەستدەدەن.

Nils Bohlinداهێنەری پشتوێنی سەلامەتی لە ووتەیەکدا دەڵێت:

من زۆر بەختەوەرو شاد دەبم کاتێک کەسێک دەبینم پێم دەڵێت پشتوێنی سەلامەتی خۆشەویستترین و بەنرخترین کەسی ژیانم دەپارێزێت

ئامادەکردنی: دیار عباس

سەرچاوە:  دامەزراوەی میدیای ئایندە، ویکیپیدیا، ماڵپەڕی فۆربیس، ماڵپەڕی trucksauthority، ماڵپەڕی History

© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft