ئەمین صاڵح محمد

2015-06-15     5939


لە پۆلێنکاری قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤایەتی، زۆرتر مێژوونووسان و بیرمەندان و کۆمەڵناسەکان لەسەر سەرخانی مرۆڤایەتی وەستاون و هەر لەوێشەوە جیاکاری لە قۆناغی گەشەی فکری مرۆڤایەتیدا کراوەو قوتابخانە فکرییەکانیان ناساندووە.  بە قوتابخانە فکرییەکان، ئەتوانین شێوازی بیرکردنەوە و تێڕامان و ژیانکردن و  وورد بوونەوە لە دەوروبەرو دیاردەکان... لای مرۆڤ بزانین و بخوێنینەوە.
لای بەندە، هیچ یەکێ لە فکرو ئایدیاکانی مرۆڤایەتی وەک و فکری سوسیالیزم لەسەر ژێرخان و ڕۆڵی ژێرخان لە پێشکەوتن و شوێن دانانی لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان و کاریگەری لەسەر سەرخان ورد قسەی نەکردووە.
مرۆڤایەتی لەڕێڕەوی پێشکەوتنی خۆیدا هاوتای پێشکەوتنە فکرییەکانی گۆڕانیشی لە ئامرازەکانی بەرهەم هێنان و گواستنەوەدا کردووە.
دۆزەرەوە کانزاییەکان و دروستکردنی کارگەکان و چاپ و چاپخانە و پەڕاو... ئامێرەکانی گەیاندن و هۆکارەکانی گواستنەوە بەتایبەتی لەدوای شۆڕشی پیشەسازی، هاوتاو هاوشانی یەک و تەواوکاری یەکتری بوون.
هەڵاوسانی کاڵاکان و زۆربوونی کاری بازرگانی و ئالوگۆڕی کاڵا مرۆڤی ناچار کردووە بیر لە داهێنانی نوێ بکاتەوە. بۆئەوەی زیاتر بتوانێ بواری پیشەسازی و بازرگانی بەرەوپێش بەرێ.




لەدوای دروستکردنی ئوتومبیل کە بەهەڵم کاری کردووە لە ساڵی (1769) مرۆڤ پێویستی و پێداویستییەکانی ژیانی وای خواستووە ئامێری تر کەچەند جاری ئوتومبیل گەورەتر و بەهێزتربێت دابهێنێ. لەساڵی (١٨١٤)دا یەکەم شەمەندۆفێری هەڵمی دروست ئەکات و لەساڵی (١٨٢٥) یەکەم هێڵی ئاسنین دائەهێنێ.
شەمەندۆفێر و سوودەکانی
1- کەم بوونەوەی پەستان و پاکژی ژینگەوهەوا.
بەهۆی فراوان بوونی شارەکان و زۆر بەکارهێنانی ئوتومبیلی تایبەتی لەلایەن هاولاتییانەوە ئوتومبیل کاری کردۆتە سەر جەنجالی و پەستانی شەقامەکان و ڕێگاکان، ژمارەی زۆری ئوتومبیل هۆیەکە بۆ ڕیزبەستن و خاوکردنەوەی خێرایی و بەفیڕۆچوونی کات و درەنگ گەیشتن.
خاوکردنەوەی خێرایی، مەبەستمان هاژوتنە لە ڕادەی دیاری کراوی یاسایی لە شەقامەکان. بەو مانایەی ئەگەر هاوڵاتییەک لەساڵی ٢٠٠٠ دا بەخێرایی ٦٠کلم ڕۆیشتبێ و بە ١٥ خولەک لەدەرەوەی (شەقامی بازنەیی مەلیک محمود) گەیشتبێتە سەنتەری شاری سلێمانی، هەنووکە ئەبێت بە خێرایی ٥٠ بۆ ٤٠ کلم بڕوات و دووبەرامبەر و هەندێ جار و لەکاتی بەیانی و دوای نیوەڕۆ زیاتر کاتی ئەویت تابگاتە سەنتەر. لە دۆخێکی وادا کات و سووتەمەنی و پیسبوونی هەواو گەرم بوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەهۆی پەستانی ئوتومبیلەکانەوە ڕووئەدات.
گواستنەوە بەگشتی %٢٠ بۆ %٢٥ ی ووزەی دونیا ئەسوتێنێ. ئوتومبیل ئەگەر ١٢٠٠ کیلۆمەتر ببڕێ بڕی ئەو ئۆکسجینەی ئەیسووتێنێ هاوتای هەمان بڕە کەمرۆڤێک بەماوەی ٥٠ ساڵی تەمەنیدا بەکاری ئەهێنێ.
وێڕای ئەوەی لە %٦٠ پیسبوونی هەوا، ئەگەڕێتەوە بۆ سوار ڕەوەکان.
شێوازی بەکارهێنانی ئوتومبیل و لاوازی و کۆنی سیستەمی گواستنەوەی گشتی و بەکۆمەڵ لە کوردستاندا. ئەرکی هەموولایەکی تاک-حکومەت قورس و گران کردووە. لە هێنان و بەگەڕخستنی شەمەندۆفێردا، تاڕادەیەکی زۆر گرفتی ژینگەیی و پەستان و ڕووداوی ڕێگاکانمان لە کۆڵ ئەبێتەوە. بەوەی هاوڵاتییان دەستبەرداری ئوتومبیلەکانیان ئەبن و گەشتەکانیان بە شەمەندۆفێر ئەنجام ئەدەن.
2- بەکارهێنانی شەمەندۆفێر، بەهۆی کرێی هەرزانەوە یارمەتی داهاتی تاکەکەس ئەدات بۆ پاشەکەوت و بەرزبوونەوەی داهاتەکەی. لەهەمان کاتیشدا حکومەتیش گرفتی کەمی سووتەمەنی و دابین نەکردنی وەک پێویست لەکۆڵ ئەبێتەوە.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توێژینەوەیەک کراوە، تێیدا هاتووە:
ئەگەر 10.000 کەس بۆ ١ ساڵ ئوتومبیلی تایبەتی خۆیان بەکارنەهێنن 2.7 ملیۆن گاڵۆن بەنزین ئەگەڕێتەوە، وە بڕی 60.000 دۆلار بۆ هەر خێزانێکی مامناوەند ئەگەڕێتەوە.
3- لەڕووی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵاوە، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ گواستنەوەی زۆرترین  کاڵاو زووتر گەیاندنی. ئەمەش گوڕی زیاتر ئەداتە جولەی بازرگانی و بەهۆی هەرزانی کرێی گواستنەوەی کاڵاکانەوە نرخی کاڵاکان هەرزانتر ئەگاتە دەستی هاوڵاتییان.
یەک شەمەندۆفێر هێندەی ٣٠٠ بارهەڵگر توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی کاڵای هەیە، هەنووکە زۆرترین گلەیی و گازندەی هاوڵاتییان لە خراپی و زوو تێکچوونی ڕێگاکاندایە، هۆکاری سەرەکی زوو تێکچوونی ڕێگاکانیش ئوتومبیلی بارهەڵگر و سووتەمەنییەکانن. لەپۆلێنکاری ڕووداوی هاتوچۆشدا، قورسترین و ناخۆشترین ڕووداوەکانی هاتوچۆ ئەگەڕێتەوە بۆ ئوتومبیلە بارهەڵگرەکان بەجۆرێک بەدەگمەن ڕووداو هەیە بارهەڵگر تیایدا بەشداربێت و مردنی تیادا نەبێت.
4- سیستەمی کاری شەمەندۆفێر جیاوازییەکی زۆری هەیە لەچاو هۆکارەکانی تری گواستنەوەدا. کاتێک لە ٦ ی بەیانی تا ١٢ی شەو یان زوترو زیاتر هێڵی شەمەندۆفیر کاربکات، جووڵەی گەشتەکان و کاتی گەشتەکان زیاتر ئەبێت. هەڵبژاردنی کات بۆگەشت، لای هاوڵاتییان زۆرتر ئەبێت و ئەمەش بنەمای دیموکراسی لەهەڵبژاردنی گەشتدا بەرجەستەدەکات. لەلایەکی ترەوە، هاتنی گەشتیاری بێگانە و میوانە بۆ کوردستان کاتی هێڵی گواستنەوەی شەمەندۆفێر بەناوچە شاخاوی و دەشتاییەکاندا ئەڕوات، بینینی سروشتی کوردستان سەرنجڕاکێشتر ئەبێت و هۆیەک ئەبێ بۆ زیاتر هاتنی گەشتیاری دەرەوە.
سروشتی گەشتیاریش وەهایە، دابینکردنی ئاسایشی گەشتەکانیەتی و دڵنیابوونیەتی لە سەلامەتی خۆی.
لەباری ئێستادا بە تایبەتی و لە داهاتوویەکی دووریشدا هەروا دەمێنێتەوە ئاسایشی ڕێگاکان بە تایبەتی لە درەنگانی شەودا، لە ڕووی دەروونییەوە دڵنیای نەداوەتە هاونیشتمانیانی کوردستان چ جای میوانەکانمان.
لەوەش خراپتر لە ئێوارەیەکی درەنگدا گەراج و تێرمیناڵەکان خاڵی ئەبن لە ئوتومبیل، ئەمەش بۆ هێنانی گەشتیار کارێکی ناپەسەندە و شاری مۆدێرن و زیندوو نابێت بخەوێت و ناشبێ لە جوڵە بکەوێ. بەداخەوە ئەم دۆخە لە شارەکانی هەرێمدا تەواو پێچەوانەیە.
هێڵی شەمەندۆفیر یارمەتیدەرێکی باشە. بۆ ئاسایشی ڕێگاکان و دڵنیایی هاولاتیان زیاتر ئەکات و جوڵەو کاتی گەشتەکانیش زیاتر ئەکات.
5- سەرچاوەیەکە  بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ بێکارانی ووڵاتەکەمان لە کرێکارێکی سادەوە بۆ ئەندازیار و پیشە باڵاکان، لەم کەرتەدا ئەتوانرێ کاریان بۆ دابین بکرێ.
6- لە وێستگەکاندا ئەتوانرێ کۆشکی بچووک  دابنرێ بۆ پشوودان و لەهەمان کاتیشدا کاری ڕیکلام و ڕۆژنامەخوێندنەوە بەمەش ئەتوانین داهاتێکمان دەستکەوێت و لەهەمان کاتیشدا گەشە بە کلتووری خوێندنەوە بدەین.
لەدونیای مۆدێرن.  ئەو پێشکەوتنانەی کە لەبواری تەکنەلۆژیای گواستنەوەدا هاتوونەتە دی، ووڵاتانی خاوەن پیشەسازی و داهێنەر لەئێستادا ململانێ و پێشبڕکێیان لە بواری دروستکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەدایە.
لەئێستادا چەندین نموونەی شەمەندۆفێر لەلایەن وولاتانەوە بەتایبەتی ( یابان و چین و ئەڵمانیا)وە دروستکراون کەهەریەک لەوانە، پیشاندانی هێزی بیرو توانای پیشەسازیان دەرئەخات.
لەشێوەی دروستکردنی و بوونی چەندان ئامێری ئەلکترۆنی زیرەک و بەکارهێنانی ووزەی بەدیل و خێرایی زۆر و سەلامەتی تەواو لە ڕۆیشتنداو چەندان شتی تر لە داهێنان و پڕۆگرامی زیرەکدا. کە خراوەتە خزمەتی سەرنشینەکانیان.
لەکوردستاندا، چەندین نەوە لە چاوەڕوانی هاتنی شەمەندۆفێریشدا سەریان نایەوەو نەیان بینی.
وەک شاعیری گەورەی کورد ئەحمەد موختار جاف دەلێت:

... پاش قڕانی موددەعی دەست پێ ئەکەن تەعمیری موڵک
ڕێـگـەی ئـاسـنـیـن ئـەچـێـتـە نــــاو شـــاخی هـەورامـــــانەوە
کـێـو و کـــەژ گـشـتـی ئـەبـێـتـە بـــاغ و قەسری گــەوهەرین
بــۆ تـەمـاشـای دەستە دەستە دێــــن لــــە ئینگلیستانەوە....

بەو ئومێدەی ئەم نەوەیە بەخت یاوەرمان بێت و لەگەیشتن و گەشتی شەمەندۆفێری کوردی بێ ئومێد نەبین.



نووسینی ڕائیدی هاتوچۆ
ئەمین صاڵح محمد
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان
1
2
تابلۆکانی هاتوچۆ و ڕێگای گوندەکان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

3
ژیری و شۆفێری

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

4
5
وەرزی بەهار و چەند سەرنجێكی هاتوچۆیی

به‌ختیار محمد عبدلله‌

6
7
8
9
10
كاریگەری مەی خواردنەوە لەسەر شۆفێر

به‌ختیار محمد عبدلله‌

11
هێڵکاریکردنی ڕێگاوبانەکان

دلێر عبدالرحمن یحیی

12
دانە شووشەییەکان (گلاس بید)

دلێر عبدالرحمن یحیی

13
14
15
16
17
18
19
بەسیاسی كردنی هاتوچۆ

ئەمین صاڵح محمد

20
© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft