هەڵات صابر سعید

2014-01-05     6693
هۆکارەکانی گرفتی هاتوچۆ و خنکانی رەوشی هاتوچۆ لەشەقامەکانداو چەند پێشنیارێک بۆ چارەسەکردن و کەمکردنەوەی

کێشەی گرفتی هاتوچۆی شەقامەکان کێشەیەکی جیهانییە وە زۆربەی ووڵاتانی جیهان بەتایبەت ووڵاتانی جیهانی سێیەم بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن، وە شارەکانی و هەرێمەکەی خۆشمان بەدەر نییە لەو کێشەیەو رۆژانە قەرەباڵغی زۆرو هەندێ کات خنکانی رەوتی هاتوچۆ بەدی دەکەین لە شەقامەکاندا، بەڵام سەرەتا پێویستە جیاوازی بەکین لە نێوان هەندێ لە زاراوەکاندا چونکە خنکانی هاتوچۆ (Traffic Jam) مەبەست لێی ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە هاتوچۆ تیایدا ئاڵۆز دەبێت بەهۆی تێکەڵبوونی ئوتومبیلەکان لەیەک شەقامی دوو ئاراستەدا.
بەڵام گرفتی هاتوچۆ(Traffic congestion) مەبەست لێی لێشاوی ئوتومبیلەکان بەشیوەیەکی زیاترە لە قەبارە و پانتایی شەقامەکان لە ناوشاردا، لەهەردوو بارەکەی سەرەوەدا جۆرە گرفتێکی لێدەکەوێتەوە کەپێی دەوترێت (ریزبوون - Queneing).
لە دیارترین هۆکارەکانی گرفت و خنکانی رەوتی هاتوچۆی شەقامەکان ئەمانەن:
١- چڕی ڕەوشی هاتوچۆ: واتە ژمارەی دانیشتوان زۆر زیاترە بە بەراورد بە پانتایی و قەبارەی شارەکە، یان خەڵکێکی زۆر لەشارێكی بچووکدا دەژین، لەم بارەشدا ژمارەی بەکارهێنەرانی ئوتومبیل زیاد دەکات بەبەراورد لەگەڵ پانتایی و جۆری شەقامەکانی شارەکە ناگونجێت وەسەرەنجام گرفتی هاتوچۆ دروست دەبێت لەو شارەدا، وە شارەکانی خۆشمان بەدەرنین لەم کێشەیە و بەدەستییەوە داناڵێنین.
٢- ئاست و کوالێتی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی: وەک دەڵێن باشی و پێشکەوتوویی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی لە شارەکاندا نیشانەی پێشکەوتووی ئەوشارە پیشان دەدات بەبەراورد بەشارێکی دیکە، لەبەرئەوەی پێشخستن و باشکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی وا لەهاوڵاتیان دەکات کەدەستبەرداری ئوتومبیلی تایبەتی خۆیان ببن و بەکاری نەهێنن بەتایبەتی لەکاتی رۆشتن و هاتنەوەیان لە کارەکانیان، یان هیچ نەبێت لەکاتی زۆر پێویستدا بەکاری بهێنن.
نممونەش وەک دروستکردنی بەرزەپرد و تونێل و دامەزراندنی هێڵی (ترام) کە زۆر گرنگە، وە بوونی شەمەندەفەر لەنێوان شارەکاندا.
٣- کاتە گەرمەکان: مەبەست لێی کاتی رۆشتن و گەڕانەوەی هاوڵاتیانە لە کارەکانیان کە زیاتر بەیانیان و عەسران دەگرێتەوە. لەم دوو کاتەدا زۆرترین گرفتی هاتوچۆ و زۆر جار خنکانی هاتوچؤش روودەدات، کەئەمەش کێشەیەکی قورسەو چارەسەرکردنی زەحمەتە، تەنانەت لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەم کێشەیە بەدی دەکرێت.
٤- یاساکان: لە زۆربەی وڵاتاندا بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێیەم بەهۆی نەبوونی یاسای جۆراوجۆری هاتوچۆوە گرفت دروست دەبێت بۆ نموونە یاسای هاوردەکردنی ئوتومبیل و گومرگ کردنی، کەئەمەش لە ناوچەکەی خۆماندا بەدی دەکرێت، وەک دەبینین بەبێ پلان و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ئوتومبیل هاوردە دەکرێت، بە بێ ئەوەی ئوتومبیلە کۆنەکان بمرێنرێت یاخود بزانرێت ئایا شەقامەکان توانای وەرگرتنی ئەو هەموو ئوتومبیلەیان هەیە یان نا کەئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ قەرەباڵغی و گرفتی هاتوچۆی شەقامەکان.
٥- هۆکاری مرۆیی: ئەم کێشەیە تایبەتە بە شۆفێرەکان و پیادەکان لەیەک کاتدا، واتە پیویستە هەردوولا پەیڕەوی یاساکانی هاتوچۆ بکەن، یەکێک لە کێشەکان کە تایبەتە بە شۆفێر نەبوونی توانای تەواوە لە لێخوڕین یاخود شۆفێری کردن، بۆ نموونە بەکار نەهێنانی سایدی خۆی یاخود بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و لێخوڕین بە سەرخۆشی، یاخود خەریک بوونی بەکارێکی ترەوە وەک جگەرەکێشان و قسەی زۆر و پابەند نەبوون یان نەزانینی یاساکانی هاتوچۆ وەک پابەند نەبوون بە خێرایی ڕێگەپێدراو وە شکاندنی یاساکانی هاتوچۆو گوێنەدان بە هێماکان و وەستان لە شوێنی قەدەغەو سایدە کراوەکان، لەهەمووی گرنگتر پابەند نەبوونە بە ڕەوشتی شۆفێری کردن.
٦- پلانی شارەکان: ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بەتایبەت لە شارە کۆنەکاندا کە ناگونجێت یاخود ناتوانرێت بەپێی پێویست شەقامەکان بەرفراوان بکرێت وە پردی هەڵواسراو و تونێل دروست بکرێت.
٧- کێشە کت و پڕەکان: ئەم کێشانە بە شێوەیەکی کت و پڕ دروست دەبێت، کە دەبێتە هۆی قەرەباڵغی و گرفتی هاتوچۆ دروست دەبێت، بۆ نموونە کارکردن لەسەر شەقامێک یاخود چاککردنی شەقامێک، یاخود هەر کارێک لە شەقامەکاندا ئەنجام بدرێت، وەک دەبینین ئەم چاککاریانە زۆربەی کات لەکاتی گونجاودا ئەنجام نادرێت کە پێویستە کاتێک بێت کەمترین هاتوچۆ لەو شەقامەدا هەبێت وەک شەوان، بەڵام بەداخەوە دەبینین لەناوچەکانی خۆماندا لەکاتی رۆشتن یان گەڕانەوەی هاوڵاتیان ئەم کارانە ئەنجام دەدرێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتییان بێزار دەبن و کاتێکی زۆر لە قەرەباڵغی و خنکانی هاتوچۆدا دەمێننەوە ( وەک دەڵێن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک پیویستە هۆکارەکەی بزانرێت) بۆیە ئەم هۆکارانەمان خستە بەرچاو، وەچەندەها چارەسەریش دەخەینە ڕوو کەئەمانەن.

١-     قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئوتومبیلی کرێ (تاکسی) بەبەتاڵی و بەبێ سەرنشین و بەبێ هۆ کەئەمەش لە زۆربەی وڵاتان و وڵاتانی دراوسێ چارەسەرکراوە کە ئەویش هاوڵاتیان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفوونییەوە تاکسی بەکار دەهێنن، وە پارکێک یاخود شوێنێکی گونجاو هەیە بۆ وەستانی تاکسییەکان، کەئەمە هۆکارێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ئوتومبیلی کرێ لە شەقامەکاندا کە بەبەتاڵی و بەردەوام هاتوچۆ دەکەن.
٢- چالاک کردن و گەشەپێدانی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی وەک دروستکردنی (هێڵی ترام) کە باشترین چارەسەرە یاخود هاوردەکردنی هۆکاری گواستنەوەی گشتی (Bus) بە کوالێتی بەرزو مراندن و لەناوبردنی (Bus) کۆنەکان بەتایبەت لە شارەکەماندا کە لەنزمترین ئاست و کوالێتیدان و هاوڵاتیان ناچار پەنادەبەن بۆ ئوتومبیلی تایبەتی خۆیان.
٣- پێویستە لەکاتی دروست کردن و دامەزراندنی هەر باڵەخانە و بینایەکدا یاخود هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت و تایبەت، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار خاوەن کار ناچار بکەن کە شوێنی گونجاو بۆ پارکی ئوتومبیل دروست بکرێت وەک دەبینین لە زۆربەی باڵەخانەو بیناکاندا هیچ حسابێک بۆ پارکی ئوتومبیل نەکراوە بۆیە هاوڵاتیان ناچاردەبن لەکاتی سەردانیان بۆ ئەو شوێنانە ئوتومبیلەکانیان لە شەقامە سەرەکییەکان و شاڕێکاندا پارک بکەن زۆرجار لە شوێنی قەدەغەو نەگونجاویشدا پارک دەکەن کەسەرەنجام قەرەباڵغی و گرفتی هاتوچۆ دروست دەبێت.
٤- کردنەوەی چەند ئۆفیسێک لە قەراغ شارەکاندا بۆ ئەو دام و دەزگایانەی کە پەیوەندی راستەوخۆی بە هاولاتیانەوە هەبێت کە ئیش و کارەکانی هاوڵاتیان ڕایی بکات و جێبەجێی بکات، لەم بارەدا هاوڵاتیان ناچارنابن سەردانی چەقی شارەکان بکەن لەڕێگەی ئەو ئۆفیسانەوە بتوانن مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن و لەهەمان شوێن وەری بگرنەوە، سەرەنجام قەرەباڵغی ناوشار و چەقی شارەکە کەمدەبێتەوە.
٥- بڵاوەپێکردنی سەرجەم سەنتەرە بازرگانییەکان و دام و دەزگا حکومییەکان لەناوچە جیاوازەکاندا کە چیتر لەیەک ناوچەدا کۆ نەبێتەوە و هەمووی نەڕژێتە چەقی شارەکانەوە.
٦- بەئەلیکترۆنی کردنی دام و دەزگاکان لە سەرجەم بوارەکاندا، ئەمەش وادەکات هاوڵاتیان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان پیویست ناکات سەردانی دام و دەزگاکان بکەن و ئوتومبیل بەکاربهێنن بۆ چوون و گەڕانەوەیان، بەڵک و بەشێوەی ئەلکترۆنی پەیوەندی بکەن و کارەکانیان راپەڕێنن وەک لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکرێت.
٧- هۆکارێکی گرنگتر ئەوەیە خۆمان هۆشیاری ئەوەمان هەبێت کەلەکاتی پێویست و بۆکاری گرنگ نەبێت ئوتومبیلی تایبەتی خۆمان بەکارنەهێنین، لەبری ئەوە هۆکاری گواستنەوەی گشتی (Bus) یاخود هەندێ جار پاسکیل بەکاربهێنین، یاخود ئەگەر ناچار بووین بەبەکارهێنانی با ئوتومبیلێک بۆ تاکەکەسێک بەکارنەیەت بەڵک و چەند سەرنشینێک هەڵگرێت یاخود هەموو فەرمانگەکان(Bus) ی تایبەت بەخۆیان هەبێت و فەرمانبەران ئەوە بەکاربهێنن نەک ئوتومبیلی تایبەتی خۆیان لەکاتی چوون بۆ کارەکانیان و گەڕانەوەیان.
٨- پێویستە ڕێگەچارەیەک بۆ دەست گێڕو عەرەبانەکان بدۆزرێتەوە کەبەشێکی شەقامەکانیان داگیرکردووە و شەقامەکانیان تەواو بچووک و تەسک کردۆتەوە وە زۆر شەقام کە دەتوانرێت (٢ لەین) یاخود زیاتر ئوتومبیلی پێدا بڕوات، بەڵام ئەوان وایان کردووە لەئیستادا تەنها یەک لەین ئوتومبیلی پیادا دەڕوات، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش بەشێکی گرنگی چارەسەری گرفتی هاتوچۆیە.
٩- پێشڕەوی گرنگی زیاتر بدرێت بە هۆکاری گواستنەوەی گشتی ئەمەش بە جیاکردنەوەی شەقام و سایدی تایبەت بەخۆیان دەبێت بەتایبەت لە چەقی شارەکاندا تاوەک و لە زووترین ماوەدا هاوڵاتییان بگەیەننە شوێنی خۆیان.
١٠- پێویستە هۆکارەکانی ڕاگەیاندنیش ڕۆڵیان هەبێت لەم بوارەدا، وەک بوونی بەرنامەی جۆراوجۆر بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی شۆفێر و پیادە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی شەقام، چونکە هەندێ جار پیادەش هۆکارە بۆ گرفتی هاتوچۆ و قەرەباڵغی کەشوێنی پەڕینەوە پردی پەڕینەوە بەکار ناهێنن یاخود لەکاتی گڵۆپی سەوزدا دەپەڕنەوە کەئەمەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی ڕەوتی هاتوچۆ و گرفتی هاتوچۆ.

نەقیبی هاتوچۆ
هەڵات صابر سعید
1
2
تابلۆکانی هاتوچۆ و ڕێگای گوندەکان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

3
ژیری و شۆفێری

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

4
5
وەرزی بەهار و چەند سەرنجێكی هاتوچۆیی

به‌ختیار محمد عبدلله‌

6
7
8
9
10
كاریگەری مەی خواردنەوە لەسەر شۆفێر

به‌ختیار محمد عبدلله‌

11
هێڵکاریکردنی ڕێگاوبانەکان

دلێر عبدالرحمن یحیی

12
دانە شووشەییەکان (گلاس بید)

دلێر عبدالرحمن یحیی

13
14
15
16
17
18
19
بەسیاسی كردنی هاتوچۆ

ئەمین صاڵح محمد

20
© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft