د. عزت صابر اسماعیل

2014-02-17     6806

ئاشكرایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كێشەی هاتووچۆ لە كوردستان زۆر دەبێت و شەقامەكان قەرەبالغتر دەبێت بە هۆی زۆربونی ژمارەی دانیشتوان و زۆر بوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان، ئەمەش كێشەیەكە زۆر لە ووڵاتانی دنیا تووشی بوون و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن بۆ ئەم كێشەیە، زۆر گرنگە لە هەرێمی كوردستانیش پلانی پێشوەختی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم كێشەیە كەم ببێتەوە، بەشێكی كێشەی هاتووچۆ پەیوەستە بە وەستانی ئۆتۆمبێل لە شەقامەكاندا كە تا ئێستا وەك پێویست ڕێكخراو نیە بە ئاستێك كە خاوەن ئۆتۆمبێلێك نازانێت لە كوێ‌ ڕێپێدراوە ئۆتۆمبێل بوەستێنێت و لە كوێ ڕێپێدراو نیە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بوەستێنێت، بە تایبەتی لە شەقامە سەرەكیەكان و شەقامە قەرەباڵغەكانی ناوشارەكان.
ئەوەی مەبەستمە لەم نوسینە باسكردنە سەبارەت بە وەستانی ئۆتۆمبێل لە شەقامە سەرەكیەكان و شەقامە قەرەباڵغەكانی ناوشارەكانی هەرێمی كوردستان، ڕاستە كەسێكی وەك من هەرگیز لە بەڕێزانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ شارەزاتر نیم بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت هاووڵاتیان نەتوانن ڕاو بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە كێشەكانی ڕۆژانە نەخاتە ڕوو، هەر لەو ڕوانگەیەوە بۆچونەكانی خۆم دەخەمە ڕوو سەبارەت بەم كێشەیە وەك هاووڵاتیەك، لە زۆر ووڵاتی دنیادا سەرجەم ئەو شوێنانەی كە ڕێپێدراوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی لی بوەستێت بە ڕەنگێكی شینی بچڕ بچڕ كێشراوە و ئەوە مانای وایە ڕێپێدراوە ئۆتۆمبێل لەو شوێنە بوەستێنێت، لەو شوێنانەی ئۆتۆمبێل ڕێپێدراو نیە بوەستێت بە ڕەنگێكی شینی تەواو هێل كێشراوە.
لە شارێكی وەك هەولێرو سلێمانی و دهۆك و گەرمیانیش زۆر گرنگە ئەم سیستەمە پیادە بكرێت بەمەبەستی ڕێكخستنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە شەقامە سەرەكیەكان و شەقامە قەرەباڵغەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە شەقامی مەنتیكاوەی هەولێر و شەقامی سالم لە سلێمانی چەند كیلۆمەترێكە خۆ ناكرێت وەستانی ئۆتۆمبێل لە شەقامە دورو درێژە قەدەغە بكرێت و ناشكرێت ئۆتۆمبێل بە كەیفی خۆی لەو شەقامە بوەستێت بۆیە لەو شوێنانەی كە دەكرێت ئۆتۆمبێل بوەستێت پێویستە ڕەنگ بكرێت یاخوود هێما دابنرێت و پارەش لە خاوەن ئۆتۆمبێل وەربگیرێت چونكە شەقامی گشتیە و دەبێتە هۆكاری بەدەست هێنانی دەیان ملیۆن دینار ساڵانە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و ڕێكخستنی شەقامە سەرەكیەكانیش.
شەقامی مەولەوی لە شاری سلێمانی سەدان دوكان و بازاڕی لە سەرە و هاووڵاتیان بۆ كڕینی پێداویستیەكانیان كە سەردانی بازاڕ دەكەن پێویستیان بەوەیە كە ئۆتۆمبێلەكانیان لە شوێنێك دابنێن و پاركی ئۆتۆمبێلیش وەك پێویست لەو شەقام و بازاڕەدا نیە بۆیە زۆر جار بە ناچاری ئۆتۆمبێلەكانیان لە شەقامی مەولەوی ڕادەگرن بە تایبەتی ئەو كەسانەی كە كارێكی كەمی بازاڕیان هەیە، بۆیە جێی خۆیەتی وەستانی ئۆتۆمبێل لەو شەقامەش ڕێكبخرێت، من لە گەڵ ئەوە نیم بە یەكجاری وەستانی ئۆتۆمبێل لەو شەقامە قەدەغە بكرێت بەڵكو جێی خۆیەتی كە هێڵی شینی بچڕ بچڕ دابنرێت و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل دیاری بكرێت چونكە شەقامەكە یەك سایدە و لە یەك كاتدا دوو ئۆتۆمبێل بە یەكەوە دەتوانن بەو شەقامەدا بڕۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە داهاتی خاوەن دوكان و بازاڕەكانی ئەو ناوچەیە زیاتر بێت. چونكە ئەوەی تێبینی دەكرێت ڕۆژانە دەیان پۆلیسی هاتووچۆ خەریكی دەركردنی سەیارەن لەو شەقامە و هەر چارەسەریش ناكرێت چونكە ئاشكرایە كە هاووڵاتی پێویستی بەوەیە كە ئۆتۆمبێلەكەی لەو شوێنانە بوەستێنێت. ئەمەی باسم كرد لە زۆر شەقامی شارەكانی كوردستان ئەكری پیادە بكرێت و داهاتێكی باش پەیدا بكات و وەستانی ئۆتۆمبێلیش لەو شەقامانە ڕێكبخات.
تەنانەت لە كۆڵانەكان و جادەكانی تری شاریش ئەكرێ سوودی لێ ببینرێ‌ چونكە ئەوەی جێی سەرنجە لە زۆر كۆڵاندا خاوەن ماڵەكان بەردی گەورە گەورە بە درێژایی ڕووبەری ماڵەكانیان دادەنین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی لێ‌ نەوەستێت یان تاسەی گەورە دروست دەكەن بە بێ ئاگاداری هاتوچۆ، لە لایەكی ترەوە مالێ‌ وا هەیە چەند سەعاتێك ئۆتۆمبێل لەبەر درگاكەیاندا دەوەستێت و تەنانەت ناتوانن ئۆتۆمبێلەكەی خۆیان ببەنە دەرەوە، بۆیە ئەمەش كێشەیەكە دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، لەوەش زیاتر هاووڵاتیان كە ئۆتۆمبێلەكانیان لە بەردەم ماڵەكانیان ڕادەگرن، ئەگەر دوو ماڵ بەرامبەر یەك بن و ئۆتۆمبێل لەبەردەم ماڵەكانیان ڕابگرن هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەو كۆڵانەدا زەحمەت دەبێت، بۆیە پێویستە لە هەموو كۆڵانەكان لایەكی كۆڵانەكە ڕەنگ بكرێت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ نموونە لە هەموو كۆڵانەكان لای ڕاستی كۆلانەكان ڕەنگی شین بكرێت بۆ ئەوەی هەموو ماڵەكان ئۆتۆمبێلەكانیان لە لای راستی كۆڵانەكە ڕابگرن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هاتوو چۆی ئۆتۆمبێل ئاسان بێت.

د. عزت صابر اسماعیل
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان
1
2
تابلۆکانی هاتوچۆ و ڕێگای گوندەکان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

3
ژیری و شۆفێری

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

4
5
وەرزی بەهار و چەند سەرنجێكی هاتوچۆیی

به‌ختیار محمد عبدلله‌

6
7
8
9
10
كاریگەری مەی خواردنەوە لەسەر شۆفێر

به‌ختیار محمد عبدلله‌

11
هێڵکاریکردنی ڕێگاوبانەکان

دلێر عبدالرحمن یحیی

12
دانە شووشەییەکان (گلاس بید)

دلێر عبدالرحمن یحیی

13
14
15
16
17
18
19
بەسیاسی كردنی هاتوچۆ

ئەمین صاڵح محمد

20
© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft